بەشێک لە پێشکەشکاران گلەییان هەیە

168 کەس بە شێوەی گرێیەست لە كفری دامەزران

+964

ژێوار خدر

دوای ئەوەی لە رێکەوتی 29.6.2024 قایمقامییەتی قەزای کفری لینکی فۆرمی دامەزراندنی 168 کەسی بە شێوازی گرێبەست بڵاوکردەوە، ئەمڕۆ لە رێگەی لینکێکەوە ناوی ئەو کەسانەیان بڵاوکردەوە، کە وەرگیراون.

بەپێی راگەیاندراوەکەی قایمقامییەتی قەزای کفری پڕۆسەی وەرگیرانی پێشکەشکاران ماوەی دوو هەفتەی خایاندووە.

ساهیرعەلی جاسم قایمقامی قەزای کفری، لە راگەیاندراوێکدا کە لە لاپەڕەی فەیسبوکی قایمقامیەتی قەزای کفری بڵاوکراوەتەوە دەڵێت: کۆی پرۆسەکە بەوپەڕی شەفافیەت و دوور لە هەر مەحسوبیەت و جیاکاری و دەستێوەردانێک بەڕێوەچووە.

روونیشیکردووەتەوە، پێوەری خاڵبەندی و شایستەیی بۆ وەرگرتن، بە رەچاوکردنی شەهیدی پلە یەک، بڕوانامە، ساڵی دەرچوون و باری خێزانی و فەرمانی وزاری خۆبەخشی دانراوە، بەمەش هەموو کەسێک بە پێی ئەو خاڵانەی، کە هەیەتی، ناوی چووەتە ریزبەندییەکەوە و ئەوانەشی وەرنەگیراون هۆکاری وەرنەگرتنەکەیان پێ رادەگەیەندرێت.

لە هەمان کاتدا، بەشیک لە پێشکەشکارەکان تێبینییان لەسەر ئەنجامەکان هەیە و پێیانوایە پرۆسەکە بە شەفافی بەڕێوەنەچووە، عەلی عومەر یەکێک لە پێشکەشکارەکانە و دەرچووی بەشی کارگێڕی و ژمێریارییە، قسەی بۆ 964 کرد و وتی: ماوەی 13 ساڵە من داواکاری پێشکەش دەکەم و تا ئێستا ناوم نەگەڕاوەتەوە و تەواوی مەرجەکانیشم تێدایە.

وتیشی، “بە هیچ شێوەیەک پێم وانییە پڕۆسەکە بە شەفافی بەڕێوەچووبێت و لەسەر بنەمای خزمخزمێنە بەشێکی زۆری پێشکەشکاران وەرگیراون.

قایمقامیەتی قەزای کفری لە راگەیاندراوێکی دیکەدا، چەند تێبینییەکییان خستووەتەڕوو، كە لە چەند خاڵێك پێکهاتوون:

1. دەرئەنجامە بڵاوکراوەکان دەرئەنجامی کۆتایی نین، دوای بڵاوکردنەوەی ناوەکان، تا یەکلابوونەوەی دەرئەنجامی پەڵپگرتنەکان، ئەگەری گۆڕانکاری لە ریزبەندی وەرگرتوواندا هەیە.

2. پێشکەشکارانی بەشەکانی ( هونەری، شۆفێر، کارگوزار، پیشەوەر) کە ناویان هاتووەتەوە، دوای ئەوەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکرێت، بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە وەرگرتن یاخود وەرنەگرتنیان دەدرێت.

3. ئەو پێشکەشکارانەی وەرنەگیراون، بۆ ماوەی سێ رۆژ مۆڵەتی پەڵپگرتن (اعتراض)یان پێ دەدرێت لە رێی لینکەکەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ڤیدیۆی فێرکاری چۆنیەتیی پەڵپگرتن لە پەیجی فەرمی قایمقامیەت بڵاودەکەینەوە.

4. هەر پێشکەشکارێک لە هاوپێچەکانیدا کێشەی هەبێت، واتا لە ( کۆدی ئاسایش، کارتی زانیاری، ناسنامەی کارتی نیشتمانی، خێزانی، فەرمانی وەزاری) یاخود پێدانی زانیاری هەڵە و بەڵگەنامەی ساختە و دەستکاریکراو، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە و فۆرمەکەی هەڵدەوشێنرێتەوە.

5. هەر کەسێک فۆرمەکەی هەڵوەشاوەتەوە، دەتوانێت سەردانی لینکی دامەزراندنەکە بکات، بۆ زانینی هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی فۆرمەکەی.

لە وەزارەتی ناوخۆ ناوی 202 کەس هاتەوە بۆ دامەزراندن

لە وەزارەتی ناوخۆ ناوی 202 کەس هاتەوە بۆ دامەزراندن