گەرەکی لیوا رەشەکە لە کەلار .وێنە :فەرمانگەی میدیاو زانیاری
بەمزووانە
جوتیارانی كەلار قەرەبوو دەکرێنەوە
+964
ژێوار خدر
کۆتا قۆناغی قەرەبووکردنەوەی دانیشتووانی هەردوو گەڕەکی لیوا رەشەکە و جەمەلۆنەکەی قەزای کەلار، بەمزووانە دەستپێدەکات و لەم قۆناغەشدا جوتیاران قەرەبوو دەکرێنەوە، كە پێشتر زەوییەكانیان وەك قەرەبوو درابووە دانیشتووانی هەردوو گەڕەكەكە.
ئەکرەم ساڵح سەرۆکی شارەوانیی قەزای کەلار بە 964ی وت، دوو ساڵ لەمەوبەر بڕیاری قەرەبووکردنەوەی دانیشتووانی هەردوو گەڕەکی لیوا رەشەکە و جەمەلۆنەکەی قەزای کەلار دەرچوو، لە ماوەی رابردوودا بەشێکی دانیشتووانەکە قەرەبوو کراونەتەوە و زەوییان وەرگرتووە، كە زەویی جوتیارانی كەلار بووە، ئەوانەی ماونەتەوە جوتیارەکانن بۆ ئەوانیش رێکارەکانمان دەستپێکردووە و وردبینی ناوەکانیان دەکەین و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەوانیش قەرەبوو دەکرێنەوە.
گەڕەکی لیوا رەشەکە لە کەلار ناسراوە، بریتیە لە یەک باڵەخانەی دوو نهۆمی و حەوشە و بانەکانی دەوروبەری، 163 ماڵ تێیدا نیشتەجێبوون.
ئەو باڵەخانەیە کاتی خۆی بنکەی سەربازی بەعس بووە، کاتێک رژێم لە ناوەندی شاردا نەماوە، ئەو ماڵانە لە ئاوارەیی گەڕاونەتەوە و لەوێدا نیشتەجێ بوون.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش دوو ساڵ بڕیاری قەرەبووکردنەوەی دانیشتووانەکەی دا بە سێ قۆناغی جیاواز، لە ماوەی رابردوودا دوو قۆناغ تەواو بووە و دانیشتووانەکەی هەر یەک بە پارچە زەوییەکی 200 مەتری قەرەبوو کرانەوە.