تەنیا بۆ هێلکە کردنە

سامانی ئاژەڵی سلێمانی: خواردنی مریشکی سوور مەترسیدارە

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵی سلێمانی هۆشداری لە خواردنی مریشکی سوور دەدات و بە مەترسیداری دەزانێت.

جەمال حسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، مریشکی سوور بۆ خواردن ناشێت و تەنانەت خواردنی مەترسیداریشە.

وتیشی، “ئەو مریشکە بۆ هێلکەکردنە و ماوەی دوو ساڵ لە قاعەکانی هێلکەکردن رادەگیرێن، چەندان ڤاکسین و دەرمانیان پێدەدرێت کە بۆ تەندروستی مرۆڤ مەترسیدارن”.

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، زۆرینەی مریشکی سوور لە پارێزگاکانی عێراقەوە دەگاتە هەرێمی کوردستان و لە ناوخۆشدا چەند پڕۆژەیەکی هێلکە هەن و ئەو مریشکانەیان هەیە و دوای دوو ساڵ راگرتنیان دەیانفرۆشن.

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی سلێمانی وتیشی، “ئەو مریشکانە دەبێت سەر ببڕدرێن و بکرێن بە پەین نەک بفرۆشرێن و هاوڵاتی بیخوات”.

لای خۆشیەوە عوسمان جەمال، پزیشکی ڤێتێرنەری بە 964ـی راگەیاند، ئەو مریشکە سوورانە هیچ بەهایەکی خۆراکییان نییە و نابێت بخورێن.

وتیشی، “خاوەنی قاعەکانی هێلکەکردن دوای دوو ساڵ دەریان دەکەن و لە جیاتی سەربڕین هەر مریشکێک ئەگەر دوو هەزار دیناریش بۆ ئەوان بکات زۆرە و دەیفرۆشن”.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

سلێمانی مریشکی لێ زیادە و داوای گۆشتی سوور دەکات

سلێمانی مریشکی لێ زیادە و داوای گۆشتی سوور دەکات