داوای دابینکردنی هێزی ئەمنی کراوە
کەمپی ئاشتی پاش ئاوارەکان، پەنابەری سیاسی بۆ دەبرێت؟
964+
ئەحمەد مستەفا
ئیدارەی کەمپی ئاشتی لە عەربەت، دەستی بە جەرد و حساباتی خۆی کرد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت بە 964ی وت، “داوامانکردووە هێزێکی ئەمنی کەمپی عەربەت بپارێزێ”، لە بارەی هێنانی کوردان و “پەنابەرانی سیاسی” رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کەمپەکە زانیاری نوێ ئاشکرادەکات.
کەمپی ئاشتی
10 ساڵە لە سنووری ناحیەی عەربەت لە سلێمانی دروستکراوە، تا هەفتەی پێشووش لە دوو بەشی جیاوازدا، کوردانی ئێزدیی و ئاوارە عەرەبەکانی پارێزگای سەڵاحەدین تێیدا نیشتەجێ بوون، شوێنی دوو هەزار و 630ی ماڵی بە بلۆک و چادر تێیدا دروستکراون و رووبەری تەواوی کەمپەکە 300 دۆنمە.
ئەمڕۆ شەممە 13.7.2024، عامر عادل بەڕێوەبەری کەمپی ئاشتی لە عەربەت بە 964ی وت، “پاش چۆڵبوونی کەمپەکە دەستمان بە جەردکردنی کەلوپەلی کەمپەکە و رێکخستنەوەی کردووە”، لەبارەی ئەوەی ئایا کەڵکی ئەوەی هەیە ئاوارە یان کەسانی دیکەی لێ نیشتەجێ بکرێ ئەو وتی، “کەمپەکە، هەموو خزمەتگوزارییەکی هەیە، ئاو و کارە و شەقامیشی بۆ راکێشراوە، مەسەلەکە نیشتەجێ کردبێ ئاسایی دەتوانن”.
لەبارەی دواین بەیاننامەی بەشێک لە چالاکوانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەکادیمیستەکان، دەربارەی هێنانی پەنابەرانی سیاسی و خێزانەکانیان و نیشتەجێ کردنیان لە کەمپەکە، بەڕێوەبەری کەمپی عەربەت وتی، “دەنگۆ زۆر هەیە، ماوەی پێشتر دەیانووت ئاوارەکانی غەزە و ئێستا دەوترێ پەنابەرانی ئێران، بەڵام ئەمانە هەمووی دەنگۆیە و ئێمە هیچ نوسراوێکی رەسمیمان پێ نەگەیشتووە”.
پەنابەرانی سیاسی
پەنابەرانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو حزبانەن، کە لە زرگوێز، زرگوێزەڵە و بانەگەورە لە سنووری سلێمانی و لە کۆیە بارەگایان هەیە، دژ بە حکومڕانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن، کە خەڵکی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و چەکیان هەیە.
چالاکوانەکانی ئەو حزبانە پێشتر هۆشداری ئەوەیاندا، کە فشار هەیە خۆیان و خێزانەکانیان ببرێنە کەمپی ئاشتی لە عەربەت و سورداش لە دوکانم تا لەوێ نیشتەجێ بکرێن، تۆڕی 964 بڕیاری لەگەڵ پلەدارەکە وابوو، وتەی ئەمجەد حوسێن پەناهی، یەکێک لە فەرماندە سەربازییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بگوازێتەوە، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.
دابان محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت کە کەمپی ئاشتی و زرگوێز و زرگوێزەڵە لە سنوورە ئیدارییەکەیدا، لە بارەی ئەگەری گواستنەوەی ئەو پەنابەرانە بۆ کەمپەکە بە 964ی وت، “هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیە بوونی نییە و بڕواناکەم، ئەمە دەنگۆیە و هیچ شتێکی رەسمیش نییە”.
لە بارەی پاراستنی ئاسایشی کەمپەکە، کە ئێستا هێزێکی پۆلیسی ئاوارە و پەنابەران دەیپارێزێ، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت وتی، “کەمپەکە هێزێکی هەیە دەیپارێزێ ئەوان ژمارەیان کەمە، داوامانکردووە هێزێکی ئەمنی لە وەزارەتی پێشمەرگە یاخود وەزارەتی ناوخۆ دابین بکرێن و ئاسایشی کەمپەکە بپارێزن”.
دیمەنەکان کەمپی عەربەت نیشان دەدەن، پاش چۆڵکردنی؛