ئەم هەفتەیە دابەش دەکرێت
بەغدا 10 ملیار دیناری دیکەی پارەی گەنمی جوتیارانی نارد
964+
ژووری هەواڵ
بەغدا بڕی 10 ملیار دیناری دیکەی پارەی گەنمی جوتیارانی ناردووە و بڕیارە ئەم هەفتەیە دەستبکرێت بە دابەشکردنی.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، لە کۆی ئەو 10 ملیار دینارەی کە بەغدا ناردوویەتی پێنج ملیاری بۆ سلێمانییە و سێ ملیاری بۆ هەولێر و دوو ملیار دیناریشی بۆ پارێزگای دهۆکە.
راشیگەیاند، “لەدوای تەوابوونی رێکارەکان، ئەم هەفتەیە دابەش دەکرێت”.
وەزارتی بازرگانیی حکومەتی عێراق وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی سنووردار کردووە، کە کۆی گشتی 700 هەزار تۆنە لە کاتێکدا بەرهەم لە سنووری یەک ملیۆن تۆنە، بەوەش گەنم تەنیا لەو جوتیارانە وەردەگیرێت، کە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ناوەکانیان نێردراوە بۆ وەزارەتی بازرگانیی عێراق.
ئەوە لە کاتێکدا سایلۆکان داوادەکەن، جوتیاران، سەردانی هۆبە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکانیان بکەن، بە مەبەستی هێنانی پشتگیری بۆ سایلۆکانیان، بە مەبەستی رادەستکردنی گەنمەکانیان، ئەگینا بە پێچەوانەوە گەنمیان لێ وەرناگرن.