بە گوژمەی نزیکەی 7 ملیار دینار
شەش پڕۆژەی نوێ لە رانیە جێبەجێ دەکرێن
+964
ژێوار خدر
دوێنێ چوارشەممە رەزامەندی درا بە جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری نوێ لە سنوری ئیدارەی راپەڕین، پڕۆژەکان پێکهاتوون لە شەش پڕۆژەی جیاواز لە چەند شوێنێکی شاری رانیە و بودجەی تەرخان کراو بۆ کۆی پڕۆژەکان شەش ملیار و 726 ملیۆن و 984 هەزار دینارە لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەکرێن.
بەرهەم رەسوڵ سەرۆکی شارەوانی رانیە بە 964ی وت: دوای وەرگرتنی رەزامەندی هەوڵدەدین بە زووترین کات پڕۆسەی تەندەرین تەواو بکەین و دەستبکەین بە جێبەجێ کردنی پڕۆژەکان.
روونیشیکردەوە، جگە لەم چەند پڕۆژە تازەیە لە ئێستادا لە هەوڵدان بۆ تەواوکردنی چەند پرۆژەیەک کە پێشتر دەست بە کارەکانیان کراوە و دواتر وەستاون، لەوانەش تەواوکردنی شەقامی خزمەتگوزاری زانکۆی راپەرین بۆ قایمقامیەت و چەند پرۆژەیەکی دیکەش هەن کە بەمزووانە تەواو دەکرێن.
ئەو پڕۆژە نوێیانەشی کە رەزامەندییان بۆ وەرگیراوە بریتین لە دروستکردنی هەر یەک لە، ئاوەڕۆی سندوقی و دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی لە چواردەوری شاری رانیە، رێگاسازی چەند کۆڵانێکی گەڕەکەکانی (کارۆخ، ئەندازیاران، شارەوانی، ئاشتی و روناکی)، درێژکردنەوە و دروستکردنی تۆڕی ئاوەڕۆی لولەیی و سندوقی بۆ گەڕەکەکانی (رزگاری یەک، رۆژ سیتی و تیتۆکە) بۆ کەمکردنەوەی مەترسی لافاو، درووستکردنی قۆناغی یەکەمی شەقامی 60 مەتری لە دوو سایدی رانیە تا سەرکەپکان تا مزگەوتی مستەفا، تەواوکردنی سایدی دووەمی شەقامی 60 مەتری لە شەقامی رانیە سەرکەپکان تا گەڕەکی تیتۆکە و سەوزکردنی چەند باخچەیەک لە سنوری نەخشەی بنەڕەتی سەرۆکایەتی شارەوانی رانیە.