پاسەوانیان بۆ دانراوە
دۆخی لەق لەقەکانی هەولێر چۆنە؟
964+
شیراز عەبدوڵا ـ هەولێر
بەپێی ئەو وێنانەی کە بەشێک لە کاسبکارانی نزیک بازاڕی نافورەی هەولێر بۆ پەیامنێری 964ـیان ناردووە لە هەولێر، شوێن و خواردنی لەق لەقەکانی سەر مزگەوتی خانەقا لە سەنتەری شار گونجاو تەندروست نییە.
وەک لە گرتە ڤیدیۆ وێنەکاندا دەبینرێت رەنگی ئەو گۆشت و ئاوەی لە سەربانی مزگەوتی خانەقا بۆ لەق لەقەکان دانراوە گۆڕاوە، یەکێک لە کاسبکارەکانی ئەو بازاڕە بە 964ـی وت، “گۆشت و ئاوەکە بۆنێکی ناخۆشی لێدێت و بۆگەنی کردووە ”
مامۆستا زانا خەیام کە لەسەر حسابی خۆی لەق لەقەکانی بۆ هەولێر هێناوە ئەمڕۆ چوارشەممە بە 964ـی وت، ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە بڵاوکراوەتەوە هی سەرەتای هێنانی لەق لەقەکانە کە کار بۆ رێکخستنیان دەکرا و تازە نییە، لە لایەن پارێزگاوە رێگە بەهێنان و دانانی لەق لەقەکان دراوە و پاسەوانی بۆ دانراوە.
وتیشی، ساردکەرەوە (موجەمیدە)مان لە سەربان بۆداناون رۆژانە دەیان کیلۆ گۆشت بە لەق لەقەکان دەدرێت و کەپریان بۆ دروستکراوە بەڵام لەق لەقەکان دەگەڕێن، بە ڕۆژ دەفڕن و شەوان دەگەڕێنەوە چونکە باڵندەی کێویین.
“مانگێک دەبێت 12 لەق لەق کە لە سنووری ئێرانەوە بۆ سەر مزگەوتی خانەقا لە سەنتەری شاری هەولێر هێنراون، ئێستا 9 دانەیان ماوە و لە کاتی هێنانیان لە رێگادا 3 دانەیان مردابوونەتەوە” ئەمە قسەی مامۆستا زانا خەیامە.
پێداچوونەوە: میدیا گۆران