گرفتی وەرنەگرتنی قوتابی سەریهەڵداوە
لە رێگەی 964 پەروەردەی دوکان بەڵێنێک بە قوتابییەکانی پیرەمەگروون دەدات
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
لەسەرەتای دەستپێكردن و وەرگرتنی قوتابیانی بنەڕەتی لە ئامادەییەکان، ژمارەیەك قوتابی قوتابخانەی مەبەستی بنەڕەتی لە پیرەمەگروون گرفتی وەرگرتنیان هەیە لە ئامادەیی تابینی كچان لە ناحیەکەدا.
گرفتەکە پەیوەستە بە سنووری جوگرافی و بەڕێوەبەری پەروەردەی دوكان کە پیرەمەگروون لە سنووری چالاکی ئەودایە دەڵێت، “ئێمە بەپێی شوێنی جوگرافی بڕیار لەسەر وەرگرتنیان دەدەین”.
لە پیرەمەگروون سێ قوتابخانەی ئامادەیی بوونی هەیە، ئامادەیی سارۆ تایبەتە بە كوڕان، هەردوو ئامادەیی تابین و رەنێ تایبەتن بە كچانە و سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دوكانن.
ئەمرۆ چوارشەممە 10.7.2024، هەتاو هیوا، دایكی یەكێك لە قوتابیەكان بە 964ی وت، “ئێمە گرفتی وەرگرتنی قوتابیەكانمان هەیە، بە قوتابیەكانمان وتراوە دەبێت بچنە ئامادەیی رەنێ، لە كاتێكدا ئەو ئامادەییە لەرووی شوێنی جوگرافییەوە بۆ قوتابیەكانمان دوورەو لە ئامادەیی تابینەوە نزیكترین، لەم قەیرانی داراییەدا كە مووچەمان لەكاتی خۆیدا پێنادرێت ناتوانین پاس بۆ قوتابیەكانمان دابین بكەین، داوا دەكەین بە ئیختیاری بێت و بەڕەزامەندی خۆیان قوتابیەكانمان وەربگیرێن”.
ئەو گرفتی منداڵەکانی هەتاو نیە، بەڵکو چەندین خێزانی ناحیەی پیرەمەگروون هەمان گرفتیان بۆ دروست بووە، 964 گرفتەكەی گەیاندە لای مهاباد مستەفا، بەڕێوەبەری پەروەردەی دوكان و وتی، “بەپێی شوێنی جوگرافیی قوتابیانمان دابەشكردووە بەسەر هەردوو ئامادەیی تابین و رەنێ، پار ساڵیش هەمان گرفتمان هەبوو، هەفتەی رابردوو كۆبوینەتەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری ئامادەیی تابین، پێمان راگەیاندوون ئەگەر شوێنی هەموو قوتابیەكان لە ئامادەییەكەتان هەیە وەریانگرن، ئێمە ئامادەیی رەنێ دادەخەین، بەڵام ئەو ئامادەییەش تەحەمولی ئەو رێژە زۆرەی قوتابیان ناكات”.
بەڕێوەبەری پەروەردەی دوکان ئاماژەی بەوەشکرد، “سێ ساڵ پێش ئێستا، لەسەر خواستی ئامادەیی تابین، هەستاین بە كردنەوەی ئامادەیی رەنێ، لەبەر ئەوەی لۆدێكی زۆریان لەسەربوو، ناكرێت قوتابخانەیەك قەرەباڵغ بێت و ئەوەی دیكەش چۆڵ بێت و هیچ قوتابیەك رووی لێ نەكات”.
“بەشێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەری ئەو دۆخە دەكەین، میلاكاتی مامۆستایان دابەش دەكەین بەسەر هەردوو قوتابخانەكەدا و وادەكەین ساڵی داهاتوو قوتابیان خۆیان داوای ئامادەیی رەنێ بكەن”، مهاباد مستەفا وای بە 964 وت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا