دوكاندارێك: "كەركوك بێ دایك و باوكە"

دوكاندارانی بازاڕی گەراجی لەیلان دژی تێكدانی بازاڕەكەیان گردبوونەوە

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

دوكاندارانی بازاڕی گەراجی ناحيەی لەیلان دژی تێكدانی بازاڕەكەیان گردبوونەوە، ئەوان داوادەكەن چارەسەریان بۆ بكەن و قەرەبوو بكرێنەوە.

بازاڕی گەراجی لەیلان لە نزیك كەركوك بە بڕیاری حكومەتی عێراق تێكدەدرێت، دوكانداران و كاسبكارانی بازاڕەكەش، كە نزیكەی 300 خانەوادە دەبن، داوای چارەسەر و قەرەبوو دەكەن.
بە پێ سۆراغی 964 لە فەرمانگەی دانوێڵەی کەرکوکەوە، ساڵی رابردوو سەرۆک وەزیرانی عیراق بڕیاری دا وەزارەتی بازرگانی لە هەر شارێكدا سەمونخانە و نانەواخانە و هەویرکارییەکی مۆدێرنی حکومی بکاتەوە و بەرهەمەكان بە نرخێکی کەم بە هاوڵاتیان بفرۆشرێت.

بەڵام ئەو بڕیارەی حکومەت خەریكە بژێویی ژیانی 300 خێزانی کەرکوک دەبڕێت، ئەمڕۆ سێشەممەش 9.7.2024 بۆ ئەو مەبەستە و لە دژی دەرکردنیان و رووخاندنی دوکانەکانیان و دروستکردنی سەمونخانەیەکی مۆدێرن، کاسبکارانی گەراجی لەیلان گردبوونەوە.
دوکاندار دلێر ناسیح بە 964ـی وت، لە ساڵی1997 لە بازاڕەكە دوکانی هەیە و کرێ دەدات، بازاڕەكە موڵکی فەرمانگەی دانەوێڵەی کەرکوکە، ئێستاش هەفتەی دووجار دێنە سەریان و داوا دەكەن چۆڵی بكەن.
وتیشی، ئەو 300 خێزانەی بژێوی ژیانیان لەسەر بازاڕەكەیە، چی بكەن.
هەروەها دوکاندار عیسام حەسەن بە 964ـی وت، سەردانی فەرمانگەی دانەوێڵەی کەرکوکیان كردووە و داوایان كردووە دوكانەكان دوای دروستكردنی پڕۆژەی فرنەكە، هەر بەوان بدرێتەوە، بەڵام پێیان وتوون بە هیچ شێوەیەک جارێکی دیکە بەوان نادرێتەوە.
عیسام دەڵێت، “داواكارین حكومەتی عێراق خۆی بێتە سەر خەت، چونكە كەركوك بێ دایك و بێ باوكە و هێشتا پارێزگارێكی نییە.

964 چەند جارێک پەیوەندی بە بەڕێوەبەری دانوێڵەی کەرکوکەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدەدایەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

دانیشتوانی گەڕەکی کوردستان لە کەرکوک لە جەژنەوە بێئاو...

دانیشتوانی گەڕەکی کوردستان لە کەرکوک لە جەژنەوە بێئاون