مەترسییە بۆ ئاوی ژێرزەوی

لە گوندێکی کۆیە گۆمێکی ئاو پڕ بووە لە نەوتی رەش

964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە

یەکێک لە گۆمە ئاوەکانی گوندی شێخەروانی سەر بە قەزای کۆیە، پڕ بووە لە نەوتی رەش و تا ئێستاش خاوێن نەکراوەتەوە، ئەمەش کاری کردووەتە سەر سروشتی ناوچەکە و ئاوی ژێرزەوی.

گۆمەکە بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە پیس بووە، کە لە ماوەی رابردوودا روویداوە و بارهەڵگرێکی سووتەمەنی لە نزیکی گۆمەکە وەرگەڕاوە و تەواوی نەوتە رەشەکەی رژاوەتە ناو گۆمەکە.
هاوڵاتییانی گوندەکە باس لەوە دەکەن، رژانی ئەو نەوتە رەشە هۆکارێکە بۆ تێکچوونی سروشتی ناوچەکە و خراپبوونی ئاوی ژێرزەوی، جگە لەوەی ئەو گۆمانە بوون بە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی ئاژەڵ و باڵندەیەکی زۆری ئەو ناوچەیە.

چالاک تۆفیق، دانیشتوویەکی گوندی شێخەروانە بە 964ی وت، ماوەیەکە ئەمه روويداوە و تا ئێستا هیچ لایەنێکی پەیوەندیداری حکومەت چارەسەريان نەکردووە.
وتیشی “گەر چارەسەری نەکەن ئێمە خۆمان لە رێگەی شۆفڵەوە بە خۆڵ پڕی دەکەینەوە”.

964 پەیوەندی کرد بە بەڕێوەبەری بەنداوەکانی کۆیە، بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.
دانیشتووانی گوندی شێخەروان لە دەوروبەری گوندەکەیان چەند گۆمێکیان دروستکردووە بە مەبەستی گلدانەوەی ئاو بۆ خواردنەوەی ئاوی ئاژەڵەکانیان و باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکانی ناوچەکانیان.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر