بەم زووانە چارەسەر دەبێت
دانیشتوانی گەڕەکی کوردستان لە کەرکوک لە جەژنەوە بێئاون
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
گەڕەکی کوردستانى کەرکوک لە جەژنى قوربانەوە بێئاون، بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی ئاوی کەرکوکیش دەڵێت، بەم نزیکانە چارەسەر دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە دانیشتوی گەڕەکی کوردستان (فەیلەق)ـى کەرکوک، لە دژی بێئاوی گردبونەوە و داوا دەکەن چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە، چونکە لەدوای جەژنەوە ئاویان بۆ نەهاتوە.
هاوڕێ رزگار دانیشووى گەڕەکەکەیە و بە 964ـی وت، 10ساڵە کێشەی ئاوی خواردنەوەمان هەیە تەنانەت ئەوەشی هەیە پاک نییە، بەڵام هەر رازین.
وەک هاوڕێ رزگار ئاشکراى دەکات، لەدوای جەژنی قوربانەوە ئاویان بۆ نەهاتووە ناچار بە تەنکەر دەیکڕین.
وتیشی، “زیاتر لە 700 ماڵى گەڕەکەکەمان کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە، ئێستا هاوڵاتیان ماڵەکانیان دەفرۆشن و جێی دەهێڵن”.
هیشام ئیبراهیم زەنگەنە بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی ئاوی کەرکوک بە 964ـی وت،”لە ئێستادا پرۆژەی دابینکردنی ئاوی گەڕەکی کوردستان بە سێ قۆناغ ئەنجام دەدرێت، دوو قۆناغی تەواو بوە و بەم نزیکانە قۆناغی سێیەم تەواو دەبێت و دەبەسترێتەوە بە پرۆژەی ئاوی دووبز.
باسی لەوەشکرد، ئەو گەڕەکە ساڵ بە ساڵ ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاد دەکات کە ئەوەش کێشەى ئاوى زیاتر کردووە.
پێداچوونەوە: میدیا گۆران