964+
کوڕ و باوکێک
بۆ راوەماسی چوون بەڵام لەلایەن چەکدرانی داعشەوە کوژران
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو.
کوڕ و باوکێک بەمەبەستی راوەماسی چونەتە دەریاچەی زەرگە لەسنوری خورماتوو، بەڵام لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بەدەستڕێژی گولـلە کوژران.
باوکەکە تەمەنی 50ساڵە و کوڕەکەشی 24ساڵە
عەمید حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی گشتیی خورماتوو بە 964ـی وت، “بەیانی ئەمڕۆ باوک و کوڕێک بەمەبستی راوکردنی ماسی چونەتە ناوچەی زەرگە و لەدەریاچەکە ویستویانە ماسی راوبکەن، بەڵام لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەسترێژی گولـلە لەو کوڕو باوکە کراوەو دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە”.
کوڕ و باوکەکە دانیشتووى گەڕەکى عەسکەرى خورماتوون و لە نەتەوەى عەرەبن، بە وتەى عەمید حوسێن، پیشەیان راوچى ماسییە و رۆژانە بۆ بژێوى ژیانیان لەخورماتووەو رودەکەنە دەریاچەی زەرگە، ئەمڕۆش وەک پیشەی رۆژانەیان چونەتە ئەو جێگەیە و تانزیک نیوەڕ بێ سوراغ ماونەتەوە و پاشان هێزەکانی پۆلیس ئاگادارکرانەوە لەبونی دوو تەرم لەو ناوچەیە کە دەرکەوتووە لەلایەن چەکدارانى داعشەوە کوژراون.
ناوچەی زەرگە بەدوری 10 کیلۆ مەتر دەکەوێتە خۆرئاوای قەزای خورماتووە و ناوچەیەکە کە چەکدارە پاڕاگەندەکانى داعش ناوە ناوە جموجۆڵى تێدا ئەنجام دەدەن و لە رابردوودا چەندین کردەى تیرۆریستیان ئەنجامداوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح