لە زاخۆ

رەشەبا منارەی مزگەوتێکی خست

964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

سێ مانگە مزگەوتی گوندی بێرسڤێ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بێ منارەیە و بڕیار وایە خێرخوازێک چاکی بکاتەوە.
لە 10.4.2024 رەشەبایەکی بەهێز رووی لە هەرێمی کوردستان کرد و زاخۆش بەدەرنەبوو لەو رەشەبایە، بەهۆی رەشابەکەشەوە زیان بەر چەند شوێنێکی جیاوازی شارەکە کەوت و منارەی مزگەوتی گوندی بێرسڤێش لەناوچوو.

ئیدارەی مزگەوتەکە بە ناچاری بلندگۆکانیان بە شێوەیەکی کاتی لەسەربانی مزگەوتەکە جێگیر کردووە، تا ئێستاش نە ئەوقاف و نە ئیدارەی زاخۆ هەوڵی چاککردنەوەی منارەکەیان نەداوە.

نەعیم عەبدولغەفار، بەڕێوەبەری ئەوقافی زاخۆ بە 964ی وت، “بودجەی پێویستمان لەبەردەست نییە بۆ نۆژەنکردنەوەی منارەکە، بەڵام خێرخوازێک دەستپێشخەری کردووە و پارەی پێویستی دابین کردووە و بڕیار وایە لەم مانگەدا کاری نۆژەن کردنەوەکە دەستپێبکات.
روونیشیکردەوە، ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە، کە گوایە پارە لە خەڵکی گەڕەکەکە وەردەگیرێت بۆ چاککردنەوەی منارەکە، ئەگەر خێرخوازەکەش چاکی نەکاتەوە ئێمە خۆمان چاکی دەکەینەوە.

کۆمەڵگای بێرسڤ دەکەوێتە خۆرهەڵاتی شاری زاخۆ، سەر بە ناحیەی دەرکارە و زۆربەی زۆری کریستیانەکانی زاخۆ لە کۆمەڵگاکە نیشتەجێن و بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەشی موسڵمانن.

پیداچوونەوە: ژێوار خدر