سەدان خانەوادە لەبەردەم مەترسى ئاوارەبووندان

سوپاى تورکیا بە قوڵاى 30 بۆ 35 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکى هەرێمى کوردستانەوە

964+

وریا فەتاح

سوپاى تورکیا لە ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەیدا کە لە 15ـى مانگى رابردوو دەستى پێکردووە، بە قوڵایى هەشت کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکى هەرێمەوە و حەوت بارەگاى نوێشى دروستکردووە، سەدان خانەوادەى کوردى سنوورى ئامێدیش لەبەردەم هەڕەشەى ئاوارەبووندان.

سوپاى تورکیا بە کردنەوەى حەوت بنکە و بارەگاى نوێى سەربازى، کۆى ژمارەى بنکە و بارەگا سەربازییەکانى لە هەرێمى کوردستان بۆ 71 بنکە و بارەگا بەرز کردووەتەوە

تیمى کوردستانى رێکخراوى (CPT)ـى ئەمریکى، نوێترین راپۆرتی چاودێری دواین ئۆپەراسیۆن و جموجۆڵی سەربازی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا بڵاوکردەوە و وێنەیەکى راپۆرتەکەشى تایبەت بە 964 ناردووە.

سوپاى تورکیا لە 15ـى حوزەیرانى 2024 دا، دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ لە دەڤەری بەرواری باڵا و لە شەش گوندی ناوچەکەدا مانۆڕی سەربازی ئەنجامدا، بەپێى راپۆرتەکەى CPT،  لە 25ـی حوزەیراندا، سوپاکە زاڵگەیەکی لە نێوان گوندەکانی بابیرێ و کانی بلاڤێ جێگیرکرد، لە رۆژی دواتردا سوپای تورکیا دەستیکرد بە دروستکردنی حەوت بارەگای سەربازی نوێ لەسەر لوتکە چیای گوندەکانی (کانی تویا، شیڤێ، زریزێ، دێمکە، بلیجان، کۆرکا و گرێ بی لەسنوری قەزای باتیفا).

لە ساتەوەختی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیاوە، تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPT لە نزیکەوە چاودێری گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەکات و کاریگەرییەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە لەسەر هاووڵاتیانی مەدەنی بە بەڵگەنامە دەکات، دانیشتووانی گوندی دەرگەلێ موسا بەگی، بە ڕێکخراوی CPT یان راگەیاندووە کە لە رۆژی 27ـی حوزەیراندا، سەربازانی تورکیا چوونەتە ناو گوندەکەیان و ناچاریان کردوون کە گوندەکەیان جێبهێڵین.

ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیا، لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان و لەسەر زەمین ئەنجامدەدرێت، وەک رێکخراوەکە ئاشکراى کردووە، لە دەڤەری بەرواری باڵادا سوپای تورکیا بە قوڵایی 15 کیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، پێشتر و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی – هەورەبروسکەدا سوپاکە بە قوڵایی حەوت کیلۆمەتر تاوەکو گوندی هرورێ هاتبوو و بارەگای سەربازی لەو ناوچەیەدا دامەزراندبوو، بەڵام ئەمجارە بە قوڵایى هەشت کیلۆمەترى دیکە هاتووەتە ناو خاکى هەرێمى کوردستان.

بەپێى ئەو نەخشەیەى رێکخراوەکە بڵاوى کردووەتەوە دەردەکەوێت کە:

سوپاى تورکیا بە قوڵاى 30 بۆ 35 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکى هەرێمى کوردستانەوە

رەنگى ماڕۆنى (جەرگى)، خاکى تورکیا و ئێرانە.

رەنگى پەمەیى، خاکى هەرێمى کوردستانە و سوپاى تورکیا بە قوڵایى حەوت کیلۆمەتر  لە سنوورى بەروارى باڵا و 30 بۆ 35 کیلۆمەتر لە سنوورى سیدەکات، لە پێشتووتردا هاتووەتە ناوى .

رەنگ ماڕۆنى خەت خەت، خاکى هەرێمى کوردستانە بە قوڵایى هەشت کیلۆمەتر سوپاى تورکیا لەو ئۆپەراسیۆنەدا هاتووەتە ناوى کە سنوورى هەریەک لە گوندەکانى، دەرگەلى موسا بەگى، کانى ماسێ، سەرگەلى پێگدەهێنن.

ئاڵاکانى تورکیا، ئەو بنکە و بارەگا سەربازیانەن کە سوپاى تورکیا لەو ئۆپەراسیۆنە نوێیەدا کردویاننەتەوە و ژمارەیان حەوت بنکە و بارەگایە.

کامەران مەلا عوسمان، رێکخەرى تیمى کوردستانى CPT، بە 964ـى وت، پێش ئەو ئۆپەراسیۆنە نوێیە، تورکیا بە قوڵاى حەوت کیلۆمەتر هاتبووە ناو خاکى هەرێم، لەم ئۆپەراسیۆنە نوێیەشدا هەشت کیلۆمەترى دیکە هاتووە و کۆى گشتى بووە بە قوڵایى 15 کیلۆمەتر.

لەبارەى ژمارەى بنکە و بارەگاکانى سوپاى تورکیاش لە خاکى هەرێمدا، کامەران مەلا عوسمان وتى،”ئێستا تورکیا 71 بنکە و بارەگاى سەربازى هەیە و پێش ئەو ئۆپەراسیۆنە ژمارەیان 64 بنکەو بارەگا بوو”.

بە کورتى:

سەدان خانەوادەى سنوورى ئامێدى هەڕەشەى ئاوارە بوونیان لەسەرە
لە 15.6.2024ـەوە سوپاى تورکیا ئۆپەراسیۆنێکى نوێى بۆسەر خاکى هەرێم دەستپێکردووە
سوپاى تورکیا بە قوڵاى 30 بۆ 35 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکى هەرێمى کوردستانەوە
71 بنکە و بارەگاى سەربازیان کردووەتەوە
دانیشتوانى سێ گوندى سنوورى ئامێدى ناچارکراون گوندەکانیان چۆڵ بکەن
لەمساڵدا تورکیا هەزار و 76 بۆردومانى ئەنجامداوە
526 هێرش و بۆردوومان بۆسەر پارێزگای دهۆك
405 هێرش و بۆردوومان بۆسەر پارێزگای هەولێر
135هێرش و بۆردوومان بۆسەر پارێزگای سلێمانی
10 هێرشی تریان بۆسەر شەنگال و پارێزگاى نەینەوا
بەهۆى سەرجەم ئۆپەراسیۆن و هێرشەکانى تورکیاوە 162 گوندى هەرێم چۆڵکراون
602 گوندى دیکەش مەترسى چۆڵبونیان لەسەرە

“لە سەرەتای دەسپێکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە نوێیەدا تاوەکو ئێستا، تورکیا 238 جار بۆردوومان و هێرشی بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و زۆربەی هێرشەکان بۆسەر پارێزگای دهۆک بوون، بەهۆی ئەم بۆردوومان و هێرشانە، زیاتر لە 20 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و دارستانی ئەو ناوچەیە سوتاون، بەتایبەتی لە گوندەکانی، گوهەرزێ، بەلاڤ، بەرچێ، سەرگەلێ، کانێ و ئاشکێ دێرێ لە قەزای ئامێدی. سەرباری ئەوە، نزیکەی 55%ـی دارستان و رەز و باخی هاووڵاتییانی مەدەنی گوندی سەرگەلێ بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە سوتاون”، رێکخراوەکە لە راپۆرتەکەدا واى نوسیوە.

ئەوەش روونکراوەتەوە کە ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی تورکیا بوونەتە هۆی چۆڵبوونی 162 گوند لە هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 602 گوندیش لە ژێر مەترسی چۆڵبووندان.

دانیشتووانی گوندی سەرگەلێ بۆ CPT پشتڕاستیانکردەوەتەوە کە لە بەرەبەیانی 4ـی تەمووزدا، هێزێکی سوپای تورکیا بە نزیکەی 45  زریپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە چوونەتە ناوگوندەکەیان و هێزەکە لە پشتی گوندی سەرگەلێ جێگیربوون، ئەمەش بووەتە هۆی چڕبوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان لەناو گوندەکەدا، گوندنشینانی سەرگەلێ، ترسیان هەیە کە ئامادەیی سەربازی سوپای تورکیا و پێکدادانی پەکەکە و سوپای تورکیا لەناو گوندەکەدا درێژە بکێشێت و ببێتە هۆی ئاوارەبوونی گوندنشینان و چۆڵبوونی گوندەکەیان.

لەسەرەتای کانوونی دووەمەوە تاوەکو کۆتایی حوزەیرانی 2024، سوپای تورکیا  یەک هەزار و 76 هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، لەم ژمارەیە  526 هێرش و بۆردوومان بۆسەر پارێزگای دهۆك، 405 هێرش و بۆردوومان لە سنوری پارێزگای هەولێر، 135هێرش و بۆردوومان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و 10 هێرشی تریان بۆسەر سنوری پارێزگای نەینەوا بوون.

لە ساڵى 2023 دا، سوپاى تورکیا یەک هەزار و 548 جار بۆردوومانى بۆسەر خاکى هەرێمى کوردستان ئەنجامداوە

بەپێى ئامارەکانى رێکخراوەکە، 93%ـى بۆردوومانەکان لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە ئەنجامدراون.

لەسەرجەم ئەو هێرشانەى سوپاى تورکیا ئەنجامیداوە، هەشت هاوڵاتى مەدەنى لە داتاکانى رێکخراوە ئەمەریکییەکەدا تۆمارکراون کە گیانیان بەخشیوە و چەندین خانوو و باڵەخانەى مەدەنى و ئۆتۆمبێلى هاوڵاتیانیش زیانیان بەرکەوتووە.

هەر لە راپۆرتەکەدا روونکراوەتەوە کە لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵدا، قوتابخانەی گوندی مژێ لە لە قەزای ئامێدی بووە ئامانجی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و بەتەواوی وێرانکرا، لە دواین ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیادا، بەهۆی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە، کەنیسەی گوندی میسکا لە قەزای ئامێدی زیانی بەرکەوت.

گولـلە تۆپێک لە گوندى گوهەرزێ کەوتە خوارەوە

گولـلە تۆپێک لە گوندى گوهەرزێ کەوتە خوارەوە

تیمی کوردستانی عێراقی CPT، وێرایى پیشاندانى نیگەرانییەکانیان لە ئۆپەراسیۆنەکەى سوپاى تورکیا، مەترسى خۆیشیان لە ئاوارەبوونى سەدان خانەوادەى مەدەنى قەزاى ئامێدى پیشان دەدەن.

CPT: ھێرشەکانی ئێران بۆ سەر ھەولێر بێ پاساون

CPT: ھێرشەکانی ئێران بۆ سەر ھەولێر بێ پاساون

CPT یاخود “تیمەکانی بنیاتنانی ئاشتی کۆمەڵگە” رێکخراوێکی ئەمریکییە و لە چەند وڵاتێکى جیهان تیمیان هەیە و لە بوارە جیاوازەکانى مافى مرۆڤدا کار دەکەن، تیمى کوردستانى رێکخراوە سەرنج و پڕۆژەکانیان لەسەر ئەو بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەکانەیە کە دەکرێتە سەر خاکى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە.

ئەو ناوچانەى سنوورى هەرێمى کوردستان کە ئێستا سوپاى تورکیاى تێدایە، ئەو ناوچانەن کە جموجۆڵى گەریلاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکک)، تێیدا چالاکە و بیانوى سوپاى تورکیاش بۆ هاتنەناوەوە سنووردارکردن و بنبڕکردنى چالاکییەکانى پەکەکەیە.

گولـلە تۆپێک لە گوندى مژێى سنوورى دێرەلووک کەوتە خوارە...

گولـلە تۆپێک لە گوندى مژێى سنوورى دێرەلووک کەوتە خوارەوە