پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لە پۆستەکەی دوورخرایەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پارێزگاری بانکی ناوەندیی لە پۆستەکەی دوورخستەوە و عەلی عەلاقی وەکو پارێزگاری بانکی ناوەندی بە وەکالەت دیاریکرد.
ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردەوە “سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا مستەفا غالب مەخەیف، پارێزگاری بانکی ناوەندی لە پۆستەکەی دووربخاتەوە، لەسەر داوای خۆی.”
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی فەرمی سەر بە حکومەتی عێراق، کە لە سەرچاوەیەکی حکومییەوە وەریگرتوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی عەلاقی وەکو پارێزگاری بانکی ناوەندی بە وەکالەت دیاریکردووە.
رۆژی شەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە “ساڵڕۆژی شەهیدان”ی عێراق رایگەیاند “دەبێت کۆتایی بە سیاسەتی هەڵەی دارایی بهێندرێت کە بۆ حکومەتی ئێستا ماوەتەوە.”
ماوەیەکە نرخی دۆلار گران بووە، لە ئێستادا 100 دۆلار بە نزیکەی 165 هەزار دیناری عێراق دەفرۆشرێت، پێش ئەم بەرزبوونەوەیە، نرخی 100 دۆلار بە 145 هەزار دینار بوو.