بەهۆی تۆپباران و هێرشی ئاسمانی تورکیا
لە گوندی سەرگەلێ زیاتر لە 500 دۆنم زەوی سووتاوە و ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
لە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە، سێ جار بەهۆی تۆپبارانکردنی تورکیا و هێرشی ئاسمانی، نزیکەی 100 دۆنم رەز و باخی دانیشتووانی گوندی سەرگەلی سووتاوە و ئاگرەکە تا ئێستا بەردەوامە.
964 دەزانێت، چەند رۆژێکە بە بەردەوامی شەڕ لە نێوان تورکیا و پەکەکە هەیە و لە دەورووبەری گوندی سەرگەلێ و زنجیرە چیای مەتینا شەرەتەقە هەیە و تۆپباران دەکرێت.
دانیشووانی گوندی سەرگەلێ چەند گرتە ڤیدیۆیەکی تایبەتیان بۆ 964 ناردووە، تیادا دەردەکەوێت کە ئاگر لە نزیکی گوندەکە هەیە لە چەند شوێنێکی جیاواز و شاخەکان دەسووتێن.
بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژی بەرگری شارستانی پارێزگای دهۆک بە 964ـی وت، “لە هەر ناوچەیەک بوردۆمان و شەڕ هەبێت، بەهیچ شێوەیێک تیمەکانمان ناتوانن نزیک ببنەوە ،بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەکە و مەترسی شەڕەتەقە و بوردۆمانی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە”.
نزار محهمهد، موختاری گوندی سەرگەلی بە 964ـی وت، لە بەیانییەوە ئاگر لە سنووری گوندەکەمان هەیە کە بەهۆی تۆپباراکردنی تورکیا ئاگرەکە دروست بووە، زیاتر لە 500 دۆنم پوش و پەڵاش و رەز و باخی “ترێی و بادەم” جووتیارانی گوندەکە سووتاوە.
وتیشی، ئێستا خەڵکی گوند بە هاوکاری دانیشتووانی پێنج گوندی دیکە،کە بەهانامانەوە هاتوون خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکەین، هەر ئێستاش جارێکی دیکە سنووری گوندەکەمان تۆپبارانکرا و شوێنێ دیکە وا دەسووتێت.
گوندی سەرگەلێ سەر بە ناحیەی دێرەلوکە لە سنووری قەزای ئامێدی.
پێداچوونەوە: توانا نەقی