بەهۆی هێرشی ئاسمانی تورکیاوە

لە قەزای ئامێدی “زیاتر لە دوو هەزار دۆنم” زەوی سووتاوە 

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

بەهۆی هێرشی ئاسمانی تورکیاوە، زیاتر لە دوو هەزار دۆنم زەوی و بەسەدان داری بەرهەمدار لە سنووری قەزای ئامێدی سووتاوە، سەرچاوەیەکی ئەمنیش دەڵێت، زیانی زۆر بە باخی دانیشتووانی گوندەکان کەوتووە.

ئەو باخانەی کە زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئاگرەکان دەکەونە گوندەکانی گوهەرزێ، بلاڤە، سگێرێ، رەشاڤەی، سەرگەلێ لە سنووری ناحیەی  دێرەلوک.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە سنووری قەزای ئامێدی بە 964ـی وت، لەم ماوەیەدا بەهۆی هێرشی ئاسمانی تورکیا لە قەزای ئامێدی 38 ئاگر کەوتوونەتەوە و بەو هۆیەوە هەزاران دۆنم زەوی و رەزی ترێی هاوڵاتیان سووتاوە و زیاتر لە سەدان داری بەرهەمدار وەکو “دار بەڕوو و سماق” لەناوچوون.

وتیشی، بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەکە و بۆردومانی بەردەوامی گوندەکان، تا ئێستا نازانرێت چەند شوێن لە ناوچەی بەرواری باڵا سووتاوە. تیمەکان و دانیشتووانی گوندەکان ناتوانن ئاگر بکوژێنینەوە چونکە بەهیچ شێوەیەک تیمی بەرگری شارستانی ناتوانێت لە هیچ ناوچەیەکی ناسەقامگیر نزیک ببێتەوە.

لەلای خۆیەوە، عەبدولستار عەبدولحەمید، وتەبێژی هێزی پێشمەرگەی ژینگە بە 964ـى وت، هێزەکانمان دوو جار چوونەتە گوندەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و کۆنترۆڵکراوە بە هاوکاری دانیشتووانی گوندەکان، سەدان  دۆنم زەوی سووتاون.

وتیشی، لە چەند هەفتەی رابردوودا زیاتر لە پێنج ئاگرکەوتنەوە هەبووە  و بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەکە ناتوانین لەو ناوچانە نزیک ببینەوە.

964 دەزانێت، رۆژانە لە زنجیرە چیای مەتینا لەسەر سنووری قەزای ئامێدی تۆپباران و شەڕەتەقە و پێکدادان لەنێوان تورکیا و پەکەکە روودەدات و بەردەوام ئاگر لە چیاکانی سنوورەکە هەیە.

پێداچوونەوە: هاوبەش

گولـله‌ تۆپێك له‌ سنووری ئامێدی به‌ر ماڵێك كه‌وت

گولـله‌ تۆپێك له‌ سنووری ئامێدی به‌ر ماڵێك كه‌وت