”چەقەڵ 20 مریشکی مردارکردەوە“

لە گوندێکی پشدەر چەقەڵ داوێتی بەسەر مریشکی هاوڵاتیاندا

964+
محەمەد عەلی ــ پشدەر

چەقەڵ زیان بە پەلەوەری گوندنشینان دەگەیەنێت و گوندنشینانی هەراسان کردووە، بەڕێوەبەری ژینگەی پشدەریش دەڵێت، هەرکەسێک چەقەڵ بکوژێت بە 500 هەزار دینار سزادەدرێت.

حاجی حەمە، چەقەڵ زیانی بەر پەلەوەرەکانی گەیاندووە قسەی بۆ 964 کردو وتی، ”گوندی بنەوشان باخێکم هەیە لەناویدا پەلەوەر بەخێودەکەم، شەوی سێشەممە، 2.7.2024، درەنگانی شەو چەقەڵ 20 مریشکی مردارکردەووە دانەیەکیشی خواردووە”.

“باخەکەم چوار دەوری پەرژینم کردووە بەتەل، چەقەڵەکە رێگای نەبووە بێتە ژوورەوە، ژێر تەلەکەی  هەڵکۆڵیوە و چووە  ژورەوە، هەموو مریشکەکانمی مردارکردووە، ئەو مریشکانەی منی کە خنکاندونی بەهەموویان نرخیان نزیکەی بای یەک ملیۆن دینار دەبوون ” حاجی حەمە وای وت.

گوندنیشینەکە وتیشی، چەقڵ تادێت رێژەیان زیاتر دەبێت زیانی زۆریان هەیە، هەرمن نیم  چەقەڵ زیانی پێگەیاندوم، چەند کەسێکی تریش لە گوندەکەمان ئاوا لەشەودا چەقەڵ هاتووەو پەلەوەکانی خنکاندووە، هەیە قەل یان قازی لێ خنکاندووە، زیانی زۆریش بەر حەوزەکانی ماسی دەگەیەنن، ناشوێنرین بیان کوژین لەبەرئەوی سزای یاساییان لەسەرە، داواکارین لەلایەنی پەیوەندیدار، رێگاچارەکمان نیشان بدەن.

حەمید جەبار ئادەم، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پشدەر لەو بارەیەوە بە 964ـی وت،” ئەو باڵندەو ئاژەڵانەی کە کێوین و ماڵی نین زیان بە هاوڵاتیان دەگەیەنن، بۆنمونە وەکو چەقەڵ کە زیانی بەر ئەو هاوڵاتیە گەیاندووە، دەبێت ئەو هاوڵاتیە خۆی لەیەکە ئیداریەکانی ناوچەکە سکاڵا تۆمار بکات، یەکە ئیداریەکەش لیژنە دەنێرێت بۆ شوێنەکە و کەدەرکەوت زیانی بەر کەوتووە، لەژێر رێنمایە ژینگەیەکان دەکرێت لیژنەکە رێنمایی دوورخستنەوە یان هەر بڕیارێکی تری پێدەدات کە گونجاوبێت.

بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پشدەر رونیشی کردەوە، هەرکەسێک بەئەنقەست چەقەڵ بکوژێت و بڵاوی بکاتەوەو یەکە ئیداریەکەی ناوچەکە ئاگادار بێت لەو بابەتە، دۆسیەی بۆدەکرێتەوە بۆ هەر ئاژەڵێکی چەقەڵ 500 هەزار غەرامە دەکرێت“.

پێداچوونەوە: هاوبەش

لە هەڵەبجە دوورگە دەرکەوت و چەقەڵیشی لێدەژی

لە هەڵەبجە دوورگە دەرکەوت و چەقەڵیشی لێدەژی