حاسڵاتی رۆژ

پزیشکیان داکۆکی لە حیجاب دەکات و لە رۆژئاواش داوای دەركردنی توركیا دەكرێت

+964

ژووری هەواڵ

میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان بەهەموو شێوەیەک ئەوە رەت دەکەنەوە کە پەکەکە دەستی هەبوو بێت لە سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێرو دهۆک و دەڵێن ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە سیناریۆیە، بەڵام تائێستا بەرپرسانی پەکەکە هیچیان نەوتووە.

بەپێچەوانەی ئەو پێشبینییەوە کە دەوترا ئەگەر مەسعود پزیشکیان ببێتە سەرۆکی ئێران ئەوا کۆت و بەندی حیجابی زۆرەملێ کەم دەبێتەوە، ئەمڕۆ پزیشکیان رایگەیاند کە ئەو بەتەواوی پابەندە بە مەسەلەی حیجابەوە و ئەسڵەن ئەو حیجابی لەناو زانکۆ و نەخۆشخانەکان سەپاندووە.

لە چەند شارێکی سوریا و رۆژئاوای کوردستان ناڕەزایی جەماوەری دەستی پێکردووە دژی تورکیا و خەڵکی ئەو ناوچانە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوا دەکەن دەستبەجێ سوپای تورکیا بچێتە دەرەوە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک دژی دەرکردنی پەنابەرە سورییەکان لە تورکیا.

دەستەیەک بەناوی گەنجانی پەکەکەوە راگەیەندراوێکیان بڵاوکردووەتەوەو دەڵێن: گەیشتووینەتە قۆناغێک کە تێیدا شەڕی مان و نەمان بەڕێوەدەچێت، دەشڵێن لە بەرەنجامی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا ئێستا هیچ بژاردەیەک نەماوە جگە لە شەڕکردن.

محەمەد تەقی ئەکبەر نەجاد، پیاوی ئاینی نەیاری خامەنەیی رایگەیاند بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەلایەن 60% خەڵکی ئێرانەوە مانای ئەوەیە لە ئێراندا ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز دروست بووە کە دژی دەسەڵاتی ئێستای ئەو وڵاتەیە.

دەسەڵاتی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان دەڵێن: ژمارەی خنکان لە رووباری فورات لە ناوچەکانی خۆسەری زۆر زیادی کردووە و تەنیا لە سەرەتای وەرزی هاویندا 12 کەس خنکاون و ساڵی پاریش بەکۆی گشتی 275 کەس خنکاون.