خوێندن بە زمانی ئینگلیزییە

وەزارەتی پەروەردە پەیمانگەیەکی پێنج ساڵی لە سلێمانی دەکاتەوە

964+

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان، پەیمانگەیەکی پێنج ساڵی لە سلێمانی دەکاتەوە ، “پەیمانگای پیشەیی سلێمانی” و خوێندکاران دەتوانن بۆ ئەمساڵی خوێندن فۆڕمی وەرگیران لەو پەیمانگەیە پڕبکەنەوە.

خوێندن لە پەیمانگەی پیشەیی سلێمانی بە زمانی ئینگلیزیی دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 1.7.2024، سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، “پەیمانگەکە لە بەشەکانی، ژمێریاری، گەشتوگوزار، دیزاین، کۆمپیوتەر پێکدێت و خوێندکار لە هەر بەشێک وەربگیرێت مافی گۆڕینی بەشەکەی نابێت”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “بۆ ئەمساڵی خوێندن تەنیا 60 خوێندکار لە پەیمانگاکە وەردەگیرێن بۆ هەر بەشێک 15 خوێندکار، ساڵی یەکەمی خوێندن تەنیا بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزییە و پرۆگرامەکانی خوێندن لە ساڵی دووەمەوە دەستپێدەکات”.

بە قسەی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، “خوێندکارى دەرچووى پۆلى نۆى بنەڕەتى دەبێ سەردانى خوێندنگەى خۆى بکات بۆ وەرگرتنى وشەى بەکارهێنەر (یوزەر نێم username) و وشەى تێپەڕ (پاسوۆرد password) بۆ ئەوەى بتوانێت فۆرمى پێشکەشکردن پڕبکاتەوە”.

“لە ئەمڕۆوە تا کۆتایی ئەم مانگە خوێندکاران دەتوانن فۆڕمی وەرگرتن پڕبکەنەوە”، سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە وای وت.

وەزارەتی پەروەردە: مامۆستا و سەرپەرشتیاران بۆیان نییە ...

وەزارەتی پەروەردە: مامۆستا و سەرپەرشتیاران بۆیان نییە وەڵامی پرسیار بڵاوبکەنەوە