سنووری هەولێر
دوو پاڵاوگە بەهۆی بۆنی ناخۆشەوە داخران
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
ئەمڕۆ یەكشەمە 30.6.2024 كاروان شێخانی، بەڕێوەبەری ناحیەی شەمامك بۆ 964 رایگەیاند، “لیژنەیەكمان پێكهێناوە بە سەرپەرشتی بنكەی پۆلیسی شەمامك، بۆ داخستنی ئەو پاڵاوگانەی دەبنە هۆی بڵاوكردنەوەی بۆنی ناخۆش، هەر لەم چوارچێوەیەشدا دوو پاڵاوگە لە سنووری ناحیەكە بە ناوەكانی برایان و كۆچەر داخران و پەڕاوی لێكۆلینەوەكان بۆ كرایەوە و بۆ قایمقامیەتی هەولێر نێردرا”.
ئەم كارە دوای ئەوە هات، ماوەی هەفتەیەك بوو هەموو شەوێك بۆنی پیس و ناخۆشی پاڵاوگەكان بڵاودەبوونەوە و هاوڵاتیانیان بێزار كردبوو.
سنووری ناحیەی شەمامك بەهۆی دەشتە فراوانەكەی كۆمپانیا و پاڵاوگە و كارگەی زۆری لێ دروست كراوە، دووكەڵی ئەم كارگە و پاڵاوگانە جگە لەوەی زیانبەخشە، بۆنێكی ناخۆشیش بڵاودەكەنەوە.
محەمەد زكری، دانیشتووی گوندی سۆربەشە، كە دوو كیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەكە دوورە، بۆ 964 وتی، “هەموو شەوان لەبەر بۆنی پاڵاوگەكان ناتوانین لە ژوورەوە بچینە دەرەوە، بۆنەكە بە شێوەیەكە راستەوخۆ كاریگەریی دەبێت لەسەر مێشكت، لە وەرزی چاندن بۆنی پەیین و لە وەرزی ئێستاش بۆنی پاڵاوگەكان بە تەواوی هەراسانیان كردووین”.
ناحیەی شەمامك لە 53 گوند و چوار گەڕەك پێكهاتووە، 10 كیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێر دوورە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا