تا ئێستا
ئەمساڵ 40 کەس لە هەرێم خنکاون
964+
پێشەوا محەمەد
تا ئەمڕۆ شەممە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان 40 هاوڵاتی خنکاون و بەرگریی شارستانیی هەرێم دەڵێت، پێویستە هاوڵاتیان نزیکی چەم و رووبارەکان نەبنەوە.
بەپێی ئەو ئامارەی بەرگریی شارستانیی هەرێم بە 964ـی داوە، زۆرینەی ئەوانەی خنکاون هاوڵاتیی کورد بوون.
سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، لە ماوەی نزیکەی شەش مانگی ئەمساڵدا 40 حاڵەتی خنکان هەبووە و حاڵەتەکانیش لە سەرجەم پارێزگاکان تۆمار کراون.
وتیشی، “پێویستە هاوڵاتیان نزیکی چەم و رووبارەکان نەکەونەوە و ئەگەر مەلەکردن نەزانن نەچنە بۆ مەلەکردن لە دەریاچەکاندا”.
لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا، بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان هەڵمەتی هۆشیاریی دوورکەوتنەوە لە مەلەکردن لە چەم و رووبارەکان رادەگەیەنن و لەو شوێنانەش پۆستەری هۆشیاری دادەنێن.
بەپێی ئەو ئامارانەی کۆتایی ساڵی رابردوو 964 بەدەستی هێنابوو، لەو ساڵەدا زیاتر لە 100 کەس خنکابوون.