ئه‌مشه‌و ریال مه‌درید له‌ مه‌ترسیدایه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵلأ – هه‌ولێر

له‌ یارییه‌كانی خولی پله‌ یه‌كی ئیسپانیا، ریال مه‌درید له‌ ئه‌ركێكی پڕ مه‌ترسیدا رووبه‌ڕووی ئاتلێتیك بیلباو ده‌بێته‌وه‌، چه‌ند یاریزانێكی گرنگی یانه‌كه‌ش یاری ناكه‌ن.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی كانوونی دووه‌م، یانه‌ی ریال مه‌دریدی پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردووی لالیگا، لە ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا رووبەڕووی یانەی ئاتلێتیک بیلباو دەبێتەوە.

یارییه‌كه‌ له‌ گه‌ڕی 18ـی خوله‌كه‌یه‌ و له‌ یاریگای سان مامێس له‌ هه‌رێمی باسك ده‌كرێت.

ریال مه‌درید بۆ ئه‌مشه‌و له‌ ته‌نگژه‌دایه‌ و له‌ چه‌ند یاریزانێكی گرنگی بێبه‌شه‌، كه‌ به‌ هۆكاری جیاجیاوه‌ یاری ناكه‌ن، ئه‌وانیش “دانی کارڤاخال، داڤید ئالابا، ئۆرێلین چوامینی، لوکاس ڤاسکێز و ئیدن هازارد”ـن.

یانه‌ی شاهانه‌ له‌ پله‌ی دووه‌می ریزبه‌ندییه‌ به‌ 38 خاڵ، له‌ كاتێكدا بارسێلۆنا له‌ پێشه‌نگه‌ و 41 خاڵی هه‌یه‌.

بارسێلۆنا له‌ لای خۆیه‌وه‌ تاڕاده‌یه‌ك ئه‌ركی ئاسانه‌ و له‌ یاریگه‌ی خۆیدا له‌گه‌ڵ خیتافی یاری ده‌كات، بۆیه‌ ریال مه‌درید ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست نه‌هێنێت، جیاوازیی خاڵه‌كانی له‌گه‌ڵ بارسا زۆرتر ده‌بێت و ئه‌ركی ركابه‌ریكردنی له‌سه‌ر نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ قورستر ده‌بێت.

خشته‌ی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆی لالیگا:
ڤیاڕیال – جیرۆنا 16:00
ئێلچی – ئۆساسۆنا 18:15
بارسێلۆنا – خیتافی 20:30
ئاتلێتیك بیلباو – ریال مه‌درید 23:00.