دەڵێن رێژەی ئۆکتانەكەی 98ـە

عێراق بەنزینی سوپەر بەرهەم دەهێنێت

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، تەواوبوونی یەکەی باشترکردنی بەنزین لە پاڵاوگەکانی باکوور بۆ یەکەمجار بەنزینی سوپەر بە بڕی سێ ملیۆن و پێنجسەد هەزار لیتر و بە رێژەی ئۆکتانی 98 بەرهەم دەهێنێت.

وەزارەتەكە لە راگەیاندراوێكدا، كە كۆپییەكی بۆ 964 نێردراوە، رۆژی هەینی ئاماژەی بەوە كردووە، بۆ یەکەمجار بەنزینی سوپەر لە پاڵاوگەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور بەرهەم دەهێنێت  بە رێژەی سێ ملیۆن و پێنجسەد هەزار لیتر و بە ئاستی ئۆکتانی 98.

پاڵاوگەکانی كۆمپانیای نەوتی باکوور لە ساڵی 2014ەوە وەستابوو، بەڵام بەمدواییە نۆژەنكرایەوە و دەستی بە كار كردووەتەوە.

وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو، یەکەی باشترکردنی بەنزین لە پاڵاوگەكە ئاستی ئۆکتانی بەنزینی سوپەری لە 92% بەرزكردووەتەوە بۆ تایبەتمەندییە نێودەوڵەتییەکان و سەرووی 98%، بەم بۆنەشەوە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا ئاهەنگ دەگێڕن.

سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی لە مانگی شوباتی رابردوودا پڕۆژەی پاڵاوگەی باکووری بە توانای 150 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کردەوە، دوای ئەوەی پاڵاوگەكە نۆژەنكرایەوە.

چاوەڕێش دەكرێت نرخی بەنزینی سوپەر و جۆرەكانی دیكەش دوای بەرهەمهێنانی لە پاڵاوگەكەی باكوور، هەرزان ببێت.

نرخی بەنزین لە هەولێر بەرزبووەتەوە

نرخی بەنزین لە هەولێر بەرزبووەتەوە