دوو ئۆتۆمبێل بەیەکیاندا کێشا

لە زاخۆ شۆفێر و منداڵێک مردن و شەش کەسی دیکە بریندارن

964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

لەسەر رێگەی زاخۆ بۆ باتیفا و لە رووداوێکی هاتوچۆدا، دوو کەس گیانیان لە دەستدا و شەش کەسی دیکە برینداربوون.

ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان شۆفێرە و ئەوی دیکەیان منداڵە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە فریاکەوتنی زاخۆ، بە 964ی وت، “نزیک کاتژمێر 12:00ی شەو رووداوەکە لە نزیک کۆمەڵگای بێرسڤ روویداوە و دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت خۆیان بەیەکدا کێشاوە”.

سەرچاوەکەی فریاکەوتنی زاخۆ، کە سەرقاڵی چارەسەری بریندارەکان بوو، ئەوەشی وت، “سەرجەم بریندارەکانی رووداوەکە ئێستا لەفریاکەوتنی زاخۆن، لەو شەش بریندارانە دووان برینیان سەختە و ئێستا لەژێر چاودێری چردان”.

تەرمی منداڵنو شۆفێرەکە بردراونەتە پزیشکی داد، بە گوێرەی سۆراغی 964 تیمەکانی هاتوچۆ و هێزە ئەمنییەکان لەسەر رووداوەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و بەڵگە و دیکۆمێنتەکان داتا دەکەن.

ئەوە لە کاتێکدا، بە گوێرەی وێنەکانی پاش رووداوەکە بێت، سەرجەم ئۆتۆمبیلەکان زەبری گەورە بەری پێشەوەیان کەوتووە، وێنەکان لە تاریکیدا گیراون و وا دەردەکەوێ هیچ روناکییەک لە شەقامەکەدا نەبێت.

پێداچوونەوە؛ ئەحمەد مستەفا