مینەکان لە ژێر تەلی دڕکاویدان

لە تەنیشت ماڵەکانی زرگوێز مین هەیە و پاکسازیش بە سەختی تێدەپەڕێ

964+

ئەحمەد مستەفا

لە نزیک ماڵەکانی گوندی زرگوێزی سەر بە ناحیەی عەربەت، تیمەکانی مین سەرقاڵی پاکسازین لە کێڵگە مینێک کە “حکومەتی لەکارلابراوی بەعس” بۆ پاراستنی بارەگاکانی لە سەردەمی حکومڕانی خۆیدا لە ناوچەکە چاندوونی.

تیمەکان تائێستا 66 مینیان دۆزیوەتەوە، “کە لە جۆری ڤی ئێسی دژەکەسین”، بەڕێوەبەری گشتی مین لە سلێمانی بە 964ی وت، “گومان دەکەین فاڵماراشی تێدا بێت کە مەترسیدارترە و دووجار هەمان مین دەتەقێتەوە”.

رووبەری کێڵگەکە و وادەی کاری تیمەکە بۆ 964 روونکراوەتەوە، ئەوان دەیانەوێت پێش وادەی دیاریکراوی خۆیان کارەکانی پاکسازی بە کۆتا بگەیەنن، ئەوەش بەهۆی دوو هۆکار، کە وایکردووە تەنانەت بەڕێوەبەرەکەیان بە سەخترین کێڵگەی هەرێمی کوردستان ناوی ببات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 27.6.2024، موحسین عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری گشتی مین لە سلێمانی بە 964ی وت، “مینەکان لە قەراخی ماڵەکاندان، بۆری ئاوی ماڵان بەناو کێڵگەکەدا تێپەڕیوە و زۆرینەی ئەو مینانەی شوێنیان دیاری کراوە، لە ژێر تەلی دڕکاوی و تەلبەند دان، کە ئەمانە پاکسازیان سەخت کردووە”.

گوندی زرگوێز دەکەوێتە باشووری سلێمانی، دانیشتووانەکەی نزیکەی 500 ماڵ دەبن پشتیان بە قەدپاڵی کێو و شاخی بەرزەوەیە، مینەکانیش لە بەرزاییەکانی ناوچەکەدان.

تیمەکانی مین بە تەکنیکێی ورد، تەلەکان دەبڕن و هێڵ بە هێڵ جیاکاری دەکەن، بەهۆی ئەوەی شوێنەکە سەخت و لێژاییە، وەک پشتوێنەیەکی سەلامەتی سەرەتا رووبەرێکی کێڵگەکەیان پاککردووەتەوە، بە قسەی بەڕێوەبەرەکەیان، “ئەمە یەکەمجارە دەبینن، لە نێوانی ئینلاین و لە ژێر تەلی دڕکاویدا مین هەبێ و کاری پاکسازی بۆ بکەن”.

لە پێش ساڵی 1980، حکومەتی لەکارلابراوی بەعس زیاتر لە سێ بارەگای لە ناوچەکە دروستکردووە، بۆ پاراستنی رووبەری بارەگەکان مینی دژە کەسی چاندووە، تیمەکانی مینی سلێمانی مەزەندەی ئەوە ناکەن ژمارەی مینەکان چەند بێت، بەڵام توانیویانە زۆرترینی ئەو مینانە پوچەڵ بکەنەوە و کارمەندەکانیشیان بێ زیان بوون.

دیمەنی کاری تیمەکانی دەزگای مین؛