964 کێشەکانیانی خستەڕوو

 نەخۆشخانەی پێستەكە دەوامی دەستپێكردەوە

+964

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

دوای ئەوەی لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو گرفتی كارەبا بۆ نەخۆشخانەی پێستەكەی سلێمانی دروست بوو، نەخۆشخانەكە بە رووی نەخۆشانی پێست داخرا، ئەمڕۆ 26.6.2024 دەوامی ئاسایی و فەرمی خۆی دەستپێكردەوە.

دوێنێ لە بەدواداچونێكی 964دا دەركەوت دوو هەفتە بەر لە ئێستا و لە 10.6.2024 مۆلیدەی نەخۆشخانەكە شكاوە، دوای دوو رۆژ لەو رێکەوتە و بەهۆی نەبوونی كارەباوە نەخۆشخانەكە بە رووی نەخۆشان داخراوە.

ئومێد مستەفا، بەڕێوەبەری كارگێریی نەخۆشخانەی پێستەكە بە 964ی وت، “كێشەی كارەبای نەخۆشخانەكە بەرەو چارەسەر رۆیشتووە و هیچ گرفتێكمان نەماوە، ئەمڕۆ 26.6.2024 نەخۆشخانەكە بە رووی نەخۆشانی پێست كراوەیە و سەرجەم پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەكە لە ئەركدان و دەوام لە نەخۆشخانەكە ئاسایی بووەتەوە”.

964 ئەوە دەزانێت، ئەو شوێنەی نەخۆشخانەكەی تێدایە كەوتووەتە ناوبازاڕی گەڕەكی خەبات و زۆربەی رۆژەكانی هەفتە لە کاتی بەیانیان، كارەبای نیشتمانی هەیە، بەڵام بە بیانووی شكانی مۆلیدەكەیانەوە نەخۆشخانەكە داخراوە.

سەنتەری شەهید جەبار شێخ فەتاحی حكومی، كە بە نەخۆشخانەی پێستەكەی خەبات ناسراوە، تاكە نەخۆشخانەی تایبەتی نەخۆشانی پێستە لە شاری سلێمانی و رۆژانە دەیان هاوڵاتی بۆ وەرگرتنی چارەسەر رووی لێدەکەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

نەخۆشخانەی پێست لە سلێمانی نەخۆش نابینێت و داخراوە

نەخۆشخانەی پێست لە سلێمانی نەخۆش نابینێت و داخراوە