ئامێدى

گەشتیاران جەژنەکەى ئامێدیان کردووە بە دوو جەژن

964+

هیڤی دێوالی-دهۆک

تەنیا لە ماوەی هەفتەیەکى پشووى جەژنى قورباندا  73هەزار و 426گەشتیار و سەردانیکەر، سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی قەزاى ئامێدییان کردووە کە رێژەی هەرە زۆریان سەردانی سەیرانگاکانی ناحیەی دێرەلۆکیان کردووە، گەشتوگوزارى ئامێدیش چاوى لەوەیە ژمارەکە بۆ دوو هێندەى پار بەرز بکاتەوە.

حیکمەت عابد، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ئامێدی بە 964ـى وت، بەهۆی کردنەوەی سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکان و سەقامگیری لە سەیرانگاکان، لەسەرەتای وەرزی هاویندا ژمارەی گەشتیاران لە ئامێدی رووی لە زیادبوون کردووە.

“لەماوەی هەفتەیەکدا 13هەزار 426 گەشتیار لە هۆتێل و مۆتێلەکاندا  ماونەتەوە، پێشبینی دەکەین لە هەفتەکانی داهاتوودا گەشتیارێکی زیاتر لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە سەردانی ئامێدی بکەن”، حیکمەت عابد واى وت.

زۆربوونى ژمارەى گەشتیاران هەلیکارى لە سنوورى ئامێدى زیاد کردووە، بە وتەى بەرپرسى راگەیاندنى گەشتوگوزارى ئامێدى، خاوەن سەیرانگا گەشتیارییەکان لەم وەرزەدا بەردەوام پێویستیان بە کارمەندە.

لە سنووری قەزای ئامێدی زیاتر لە 215 شوێنی گەشتیاری هەن

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری دهۆک کەبەدەست 964ی کەوتووە، لەساڵی 2023ـەوە دوو ملیۆن و 400 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای دهۆکیان کردووە.

وتەبێژى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێم، ئامارى گەشتیارانى بۆ چوار رۆژى جەژنى قوربان ئاشکرا کرد و لەو ماوەیەدا 348 هەزار و 331 گەشتیار روویان لە هەرێمى کوردستان کردووە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

964 ئامارى گەشتیاران بۆ جەژنى قوربان ئاشکرا دەکات

964 ئامارى گەشتیاران بۆ جەژنى قوربان ئاشکرا دەکات