لە چوار رۆژدا 50 دینار بەنزین گران بووە

سلێمانی بەنزینی حکومی تێدانییە و بازرگانی کردوویەتی بە رۆژی خۆی

964+

ئەحمەد مستەفا

بەنزینی حکومیی لە هیچ بەنزینخانەیەکی سلێمانی، “نە دابەشدەکرێ و نە دەفرۆشرێ” بازاڕ بازاڕی بەنزینی بازرگانییە و لە بۆشایی ئەوەدا، لە ماوەی چوار رۆژدا 50 دینار چووەتە سەر نرخی هەر سێ جۆرەکەی.

سلێمانی و هەڵەبجە، لەگەڵ ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، لە شەو و رۆژێکدا پێویستیان بە بڕی سێ ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، تا خواست پڕبکەنەوە، ئەوەش بە گوێرەی داتای کۆمەڵەی بەنزینخانە بازرگانییەکان کە دەست 964 کەوتووە.

سلێمانی بەنزینی حکومیی لێ نییە

لە دوو هەفتە بۆ یەک مانگی رابردوو سلێمانی کۆتا ساتەکانی دابەشکردنی بەنزینی حکومی بەخۆوەبینی، کە بە 750 دینار بۆ هەر لیترێک بە شۆفێران دەفرۆشرا، لە کاتێکدا بەنزینی بازرگانی پێشتر، (نۆرماڵ بە 800 دینار، موحەسەن 1000 هەزار دینار و سۆپەر بە هەزار و 150 دینار) دەفرۆشران.

ئەمڕۆ سێشەممە 25.6.2024، محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە 964ی وت، “نە لە ناوخۆی کوردستان و نە لە عێراقەوە، سلێمانی ئێستا هیج بڕە بەنزینێکی حکومی بۆ نایەت، ئەوەی لە بازاڕدا هەیە تەنیا بەنزینی بازرگانییە، بەنزینی حکومەت نە دابەشدەکرێ و نە دەفرۆشرێ”.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێشتر بەنزینی پاڵپشتیکراوی بە نرخی 750 دینار بۆ هەموو جۆرەکانی ئۆتۆمبێل دابین دەکرد، بەڵام ئێستا ئەوەش نەماوە، بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بۆ 964 باسیلەوەکرد، “لە ئێران، ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراقیشەوە بەنزین هاوردەی سلێمانی دەکرێ، بەڵام لەوەتی وەرزی گەرما دەستی پێکردووە خواست زیادی کردووە”.

چارەسەر لای وەزارەتی سامانە سروشتییەکانە

بەهۆی بەرزی ئەو خواستەوە و نەبوونی بەنزینی رکابەر”حکومی”، بەنزینی بازرگانی نرخەکەی بەرزبووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 25.6.2024 بە (نۆرماڵ بە 850 دینار، موحەسەن 1000 هەزار 50 دینار و سۆپەر بە هەزار و 200 دینار) لە بەنزینخانەکانی سلێمانی دەفرۆشرێن.

لەبارەی رێگرتن لە زیاتر بەرزنەبوونەوەی نرخی بەنزین، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی وتی، “تاکە چارەسەر ئەوەیە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەنزینی پاڵپشتیکراو بخاتە بازاڕەوە، نرخ دادەبەزێت و خواستیش هەرچەندە بێت، توانای دابینکردن پڕی دەکاتەوە”.

لە سلێمانی نرخی بەنزین گران کرا

لە سلێمانی نرخی بەنزین گران کرا