"جوتیارەکان پابەندنین"

بەرگریی شارستانیی راپەڕین بیر لە سزادانی “پەرێز سوتێنەرەکان” دەکاتەوە

964+

محەمەد عەلی ــ پشدەر

بەرگریی شارستانی راپەڕین، چاوی لەوەیە ئیتر رووداوی ئاگرکەوتنەوە لەناو پەرێز و جاڕی گەنمی جوتیاران بنبڕ بکات، وتەبێژەکەیان بە 964ی وت، “بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانەوە زۆر کەس زیانمەندبوون و داوای قەرەبووش دەکەنەوە”.

ئەوە لە کاتێکدایە شەوی رابردوو، ئاگرێکی رووبەر فراوان لە پەرێزە گەنمەکانی گوندی کێلەسپی کەوتەوە لە سنووری ناحیەی بنگرد، بەهۆیەوە، زیانی بۆ باز و کشتوکاڵ ناوچەکە هەبوو، تیمەکانی بەرگری شارستانی نزیک کاتژمێر 12:00ی شەو و دوای نزیکەی چوار کاتژمێر کۆنتڕۆڵیان کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 25.6.2024، عەلی قادر وتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بە 964ی وت، “ئێمە رێنماییمان داوە بە هاوڵاتییان کە بەهیچ شێوەیەک پەرێزەکانیان نەسووتێنن بۆ ئەوەی رووداوی نەخوازراوی لێنەکەوێتەوە، بەڵام بەشێکی زۆر لە جوتیاران پابەندی رێنماییەکانمان نین و دەیانسووتێنن، بۆ نموونە سووتانی پەرێزەکانی گوندی کێلەسپی بەو هۆیەوە بوو کە ئاگرەکە فراوان بووە و ئاسان کۆنتڕۆڵ نەکراوە”.

“زۆر کەسیش گوێ بە رێنماییەکانمان نادات و پەرێزەکە دەسووتێنێت، دواتر زیان بە ژینگەی ناوچەکە دەگەیەنێت، ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە، دێن و سکاڵا تۆمار دەکەن لەسەری بکەرانی رووداوەکان و داوای قەرەبوو دەکەنەوە، “دواتر بەرگریی شارستانی راپۆرتی لەسەر دەکات و هۆکارەکەی دەخاتەوە ڕوو. نمونەی زۆریشمان هەبووە، کە رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە”، عەلی قادر وای وت،

بە گوێرەی داتای بەرگریی شارستانیی راپەڕین، لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا 104 رووداوی جۆراوجۆریان هەبووە، کە زۆرینەیان رووداوی ئاگرکەوتنەوە بووە و بە ئەنقەست یان بە مەبەست پەرێز و پاشماوەی دووراوەی گەنمیان سووتاندووە.

سزای ئەو کەسانە بەپێی قەبارەی زیانەکە دەبێت، یان دەستگیر دەکرێن، یان رادەگیرێن و بە کەفالەت ئازاد دەکرێن، یان زیانەکەیان بە ماددی بۆ قەرەبوودەکرێتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەم دیاردەیە زۆر بووە، زیان بەر ژینگە و هاوڵاتیان دەگات، “ئەگەر بزانین هاوڵاتییان پابەندی رێنمایەکان نابن، لە داهاتوودا پێشنیار دەکەین لە سەرووی خۆمان، ببێتە بڕیار و ئەوکەسانە سزابدرێن، بۆ ئەوەی ئەم حاڵەتانە دووبارە نەبنەوە”.

بەشێک لە جوتیاران خۆیان ئەو پەرێزە گەنمانە دەسووتێنن، بۆ ئەوەی  ئەو تۆوە بێکەڵکانە بسووتێن کە لەگەڵ گەنمەکە پێگەیشتوون، هۆکارێکی تریش ئەوەیە تا ئاسانتر دووبارە بە کشتوکاڵ بیچێننەوە، بەو هۆیەوە ئاگرەکە گەورە دەبێت و چەندین دۆنم دەسووتێن، زیانیش بەر بەشێک لە کێڵگەی سەوزایی و کشتوکاڵییەکان دەگات.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

سێ روداوی ئاگرکەوتنەوە روویان لە ئیدارەی راپەڕین بوو

سێ روداوی ئاگرکەوتنەوە روویان لە ئیدارەی راپەڕین بوو

جوتیارانی راپەڕین ترسیان هەیە بێ بەرهەمی گەنم بن

جوتیارانی راپەڕین ترسیان هەیە بێ بەرهەمی گەنم بن