بە هەورامانی خۆشەویست ناویان دەهێنن

لیژنەکانی هەڵەبجە سێ چێشتخانەیان بە دڵ بوو سوپاسیان کردن

964+
ئەحمەد مستەفا

لیژنەکانی گەڕان و چاودێری بازاڕ لە هەڵەبجە، “سێ چێشتخانەیان بە دڵ بوو، چونکە چی جار رۆشتوون سەرجەم مەرج و داواکارییەکانیان جێبەجێ کردووە”، بۆیە سوپاس و پێزانیان ئاڕاستەکردن.

چێشتخانەکان، دەکەونە سنوری ناوەندی هەڵەبجە و ناوچەی هەورامان لە پارێزگاکە، “کە لیژنەکە بە هەورامانی خۆشەویست ناوی بردوون”.

ئەمڕۆ دووشەممە 24.6.2024، دکتۆرە دڵنیا فاروق، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە بە 964ی وت، “پاش چەندینجار سەردانیکردن لە رابردوودا بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی هەورامان وەک رێستۆرانت، چایخانە و کەبابخانەکان، خۆشحاڵی کردین کە زۆربەی رێنماییەکانی لیژنەیان جێبەجێ کردبوو، پاش کۆکردنەوە و بەراوردکردنی تێبینیەکانی سەردانەکانی رابردوو بڕیاری سوپاس و پێزانین کردنمان داون”.

ئەو سێ شوێنکارەی سوپاس و پێزانینیان پێشکەش کراوە، (کەبابخانەی وەستا عەتا، چێشتخانەی شاژن لە ناحیەی بیارە و رێستۆرانتی واران بووە لە بەڵخە)، بە قسەی سەرۆکی لیژنە، “لە زۆرترین سەردانەکانی رابردوو تەواوی رێنماییەکانی لیژنەیان جێبەجێ کردووە”.

“وەک لیژنەی قایمقامیەتی هەڵەبجە، هەر سێ شوێنکارمان بەسەرکردەوە و سوپاس و پێزانینمان پێشکەشکردن و لە داهاتووشدا هەر شوێنکارێک کە بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی لیژنە، سوپاس و پێزانینی پێشکەش دەکرێ بێ جیاوازی، چونکە کاری لیژنە هەمیشە رێنمایی بووە پێش رێکاری یاسایی”دکتۆرە دڵنیا وای وت.