لە رانیە و قەڵادزێ 64 راوچى دەستگیرکراون

 سەرەڕاى قەدەغەى راوەماسى پۆلیس چاودێرى راوچیان دەکات

964+

ژێوار خدر – راپەڕین

دواى سێ مانگ و پێنج رۆژ، رۆژى 20.6.2024 وەرزی قەدەغەکردنی راوە ماسی کۆتایی هات، لە دەڤەری راپەڕین لەو ماوەیەدا 64 راوچى دەستگیرکراون و دەستیش بەسەر کۆمەڵێکی زۆر لە کەلوپەلی راوەماسیدا گیراوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین، ئاماری کاروچالاکییەکانی خۆیانیان لە ماوەی قەدەغەی راوە ماسی خستەڕوو، بەپێی ئامارەکە توانیویانە لەو ماوەیەدا 64 تۆمەتبار دەستگیر بکەن و دەستبگرن بەسەر107 تۆڕ و شەداو، هەشت ماتۆڕسکیل، 16 کەڵەک چوپ، پێنج ماتۆڕی کارەبا و 94 قولاب، 141 ماسی بە قەبارەی جیاوا، دەستیان بەسەردا گیراوە.

خەسرەو محەمەد، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین بە 964ـی وت،” لەدوای کۆتایی هاتنی قەدەغەی راوە ماسیشەوە ئێمە کۆمەڵێک مەرج و رێنماییمان هەیە کە دەبێت راوچییان پێوەی پابەند بن، بەهیچ شێوەیەک رێگەنادرێت لەکاتی راوکردندا کارەبا و ژەهر و تۆڕی بچوک بەکاربهێنرێت”.

روونیشیکردەوە، ئەوان بەردەوام لە رێگەی مەفرەزەوە شەوانە چاودێری زێی بچوک دەکەن و هەر کەسێکیش پابەند نەبێ بە رێنماییەکانەوە، رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانە کە پابەند نابن بە رێنماییەکانەوە، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین رایگەیاند، بەدڵنیاییەوە خەڵک زۆرن کە رێنماییەکان لەبەرچاو ناگرن و سەرپێچی دەکەن، هەر لەبەرئەوەشە لە سەرەتاوە رێنماییەکان دانراون.

هەموو ساڵێک لە هەرێمی کوردستان وەرزی قەدەغەی راوە ماسی لە بەرواری 15ـی ئازارەوە دەست پێدەکات و لە 15ـی حوزەیران کۆتایی دێت، ئەمساڵ ماوەکە پێنج رۆژ درێژ کرایەوە و لە 20ـی حوزەیران کۆتایی هات.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

دوو کەس لەسەر راوکردن دەستگیر کران

دوو کەس لەسەر راوکردن دەستگیر کران