بۆچی جێبەجێ ناکرێت؟

گواستنەوەی سلێمانی پڕۆژەی بۆ هێڵی پاسەکان هەیە بە کات کار بکەن

964+

پێشەوا محەمەد

لە ناو شاری سلێمانی خواست هەیە جوڵەی پاسەکان لە هێڵەکاندا لە سەرنشینەوە بکرێت بە کات و گواستنەوەی سلێمانیش پلانی بۆی هەیە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.

ئێستا سیستمی جوڵەی پاسەکان لە هێڵەکانی ناوشاری سلێمانی بەپێی رێککەوتنی هێڵەکانە، کە لە چەند سەرنشیندا دەربچن، هەوڵەکانی گۆڕینی بۆ کات سەرکەوتوو نەبووە.

“ئێمە چەندان پڕۆژەمان هەبووە تا جوڵەی هێڵی پاسەکان لە سەرنشینەوە بکرێت بە کات، پێشتریش لە کۆندا ئەو سیستمە هەبووە و نەماوە، بەڵام تا ئێستا پڕۆژەکان نەکەوتوونە جێبەجێکردنەوە و زەمینەیان بۆ نەڕەخساوە”، ئەوە قسەی سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانییە بۆ 964.

وتیشی، “ئەو کارە پێویستی بە هاوکاریی حکومەتە، چونکە پێویستە بەنزین و گاز بۆ خاوەن پاسەکان بە نرخی کەمتر دابین بکات و جگە لەوەش کەلوپەلەکانی دیکەی پاسەکانیش هەموویان گران بوون”.

لەناو شاری سلێمانی هەزار و 600 پاس لە 25 هێڵدا رۆژانە نزیکەی 400 هەزار سەرنشین دەگوازنەوە.

بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی ئاماژەی بەوەش دا، بۆ ئەو کارە داوا لە وەبەرهێنەر و سەرمایەدارەکانیش کراوە پاس دابین بکەن، بەڵام بەدەم داواکەوە نەهاتوون.

داوا دەکرێت گەراجی پاسەکانی دارەسووتاوەکە لاببرێت

داوا دەکرێت گەراجی پاسەکانی دارەسووتاوەکە لاببرێت