بە ناچارییە

ئەو حاجییانەی مردوون بە “ئەمانەت” لە سعودیە نێژران

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

كونسوڵخانەی عێراق لە شاری جەددەی سعودیە رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی سعودیە “بە ئەمانەت” تا کۆتایی وەرزی حەجی ئەمساڵ، ئەو حاجییە عێراقییانەیان بە ناچاری ناشتووە” كە لەوێ گیانیان لەدەستداوە.

كونسوڵخانەكە هۆكاری مردنی حاجییانی بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و قەرەباڵغی گەڕاندووەتەوە.

ئاماژەیان بەوەش كردووە، بەهۆی زۆریی حاڵەتی مردن لە ناو حاجییەكان، پزیشكی داد شوێنی پێویستی بۆ تەرمەكان نییە، بۆیە ژمارەیەك لە تەرمەكانیان بە “ئەمانەت” ناشتووە و دوای كۆتاییهاتنی مەراسیمی حەج، تەرمەكان بۆ كەسوكارەكانیان دەگەڕێننەوە ئەگەر بیانەوێت.

واباوە و پێشتر روویداوە، ئەوانەی لە كاتی حەجكردندا كۆچی دوایی دەكەن، هەر لە سعودیە و بە تایبەتی لە شاری مەككە دەنێژرێن.

كونسوڵخانەی عێراق لە جەددە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەیان بەوە كردووە، تیمەكانیان لەوێ بەردەوام كاردەكەن بۆ یارمەتیدانی حاجییەكان و ئاسانكردنی كارەكانیان.

ئاماژە بەوەش دەكەن، سەبارەت بە مردنی حاجییەكان و گەڕاندنەوەی تەرمەكانیان، بە فەرمی نووسراو بۆ پزیشكی دادی و پۆلیسی شاری جەددە دەكەن بۆ خێراكردنی دەركردنی وەفاتنامە و رێوشوێنەكانی دیكە.

كونسوڵخانەی عێراق لە جەددە ئاماژەی بە ژمارە ئەو حاجییە عێراقییانە نەكردووە، كە تا ئێستا گیانیان لەدەستداوە و نێژراون.

بەڵام سەبارەت بە حاجیانی كوردستان، كاروان ستوونی وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە بە 964ی راگەیاند، تا ئێستا 19 حاجیی هەرێمی كوردستان و یەكێكی دیكە كە لە بەریتانیاوە هاتبووە حەج، گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 15 حاجییش بێسەروشوێنن.

بۆ حەجی ئەمساڵ، زیاتر لە 35 هەزار حاجی بە رێگەی وشکانی و ئاسمانی لە عێراقەوە چوونە سعودیە و پشکی ئەمساڵی حاجییانی هەرێمی کوردستان 4 هەزار و 685 هاونیشتمانی بوو.

19 حاجی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 15 دیكه‌ش بێسه‌روشوێن...

19 حاجی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 15 دیكه‌ش بێسه‌روشوێنن