دیمه‌نى ناو بانكى خوێنى هه‌ولێر كه دوو فه‌رمانبه‌ر خه‌ریكی كارى رۆژانه‌یانن... وێنه: سۆشیاڵ میدیاى بانك
" رێکاری یاسایی ده‌گرینه‌به‌ر"
بانكى خوێنى هه‌ولێر: كه‌س بۆى نییه بانگه‌وازى خوێن بكات
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خوێن له هه‌ولێر ئاگادارییه‌كى بڵاوكردووه‌ته‌وه و ده‌ڵێت، له‌وان زیاتر هیچ كه‌سێك بۆى نییه بانگه‌واز بكات بۆ خوێنبه‌خشین، چونكه ئه‌وان دابینكه‌رى خوێنن.
ئاگادارییه‌كه دواى ئه‌وه دێت، كه لە هەندێك پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ئاگاداری و بانگەواز کراوه بۆ دابینکردنی خوێن بۆ نەخۆش.
ئه‌م بانكه ده‌ڵێت، هەمیشە خاوەن باڵانسی خوێنین، توانیویانە هەموو کات بە رێکاری تایبەت خوێن بۆ هەموو نەخۆشێک دابین بکه‌ن، تەنانەت لە کاتی بارە لەناکاوهكانیشدا.
فه‌رهاد محه‌مه‌د، له ئیداره‌ى بانكى خوێن له هه‌ولێر به 964ـى وت، مافی بانگەوازی بەپەلە بۆ کۆکردنەوەی خوێن تەنیا مافی بەڕێوەبەرایەتییهكهیانه و هیچ کەسێک ئەو مافەی نییە.
وتیشی “بە مافی خۆمان دەزانین رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر پەیج و کەسێک بگرینەبەر، کە بەبێ گەڕانەوە بۆ بانکی خوێن بانگەوازی کۆکردنەوەی خوێن ده‌کات”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، ئه‌م جۆره بانگه‌وازه به‌بێ ئه‌وان، دەبێتە ناوزڕاندن و شلەژان لە کارەکانی بانکی خوێندا.
فه‌رهاد محەمەد، دووپاتیكرده‌وه هیچ كه‌موكوڕییه‌ك له خوێنه‌كانى ناو بانكه‌كه‌یاندا نییه، ته‌نیا ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ى جه‌ژن نه‌بێت كه پشوو بووه و پزیشكه‌كانیش رێژه‌یه‌كى زۆرى خوێنیان بۆ نه‌خۆشانى شێرپه‌نجه داوا كردووه.
ده‌شڵێت، له دواى كۆتاییهاتنى پشووه‌كان ئه‌و به‌ڕێزانه‌ى خوێن ده‌به‌خشن خۆیان دێنه بانكه‌كه‌یان، به تایبه‌تیش كارمه‌ندانى هێزى پێشمه‌رگه، كه ژماره‌یه‌كی زۆریان له‌لا تۆمار كراون و به‌رده‌وام خوێن ده‌به‌خشن.