دیمەنی یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی قەزای کەلار _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
عەرەبی ئاوارە 10%ی گەرمیانن
زیاتر لە 30 هەزار ئاوارەی ناوخۆیی لە گوند و ناوچەکانی گەرمیان دەژین
964+
ئەحمەد مستەفا
لە گەرمیان 1000 پەنابەری ئێرانی”کوردانی رۆژهەڵات” کە لەساڵی 1979 ەوە لە عێراقن لە”کامپی ئەڵتاشی رومادی” لە ساڵی 2003 ەوە لە هەرێم و گەرمیانن و بەشی زۆریان لەشێوە کامپێکن بەناوی شێرەوەن لە سنووری ناحیەی قۆرەتوون، کە هیچ خزمەتگوزاریەکی کامپەکانی UNHCRی بۆ لەخۆگرتنی پەنابەران تێدا نیە.
ئەمڕۆ 20.6، رۆژی جیهانی پەنابەرانە و کۆمسیاری باڵای کاروباری پەنابەران رۆژەکەی تایبەت کردووە بە خەم و دۆز و کێشەکانی پەنابەران و ئەو کەسانەی ژیان و وڵاتەکانیان ئەکەوێتە بەر هەڕەشە.
بێستون ژاڵەیی، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە ئیدارەی گەرمیان لە بڵاوکراوەیەکدا کە وێنەیەکی گەیشتووە بە 964 دەڵێت، ”
رێکخراوی UNHCR بەشێک لەم پەنابەرانە بە فەرمی دەناسێ و بەشی زۆری ئەم پەنابەرانە 40 ساڵ زیاترە لەچاوەڕوانی پەڕینەوەدان بۆ وڵاتی سێیەم و بە پێی پۆلینی رێکخراوە نێو دەوڵەتیەکە بوونەتە هاونیشتمانی عێراقی”.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کۆچ وکۆچبەرانی عێراق 5000 خێزان کە دەکاتە زیاتر لە 30000 ئاوارەی ناوخۆیی لە شار و شارۆچکە و گوند و ئاوەدانیە جیاجیاکانی سنووری ئیدارەی گەرمیاندا دەژین و دوو کامپی ئاوارەکانیش لە سنوورەکە بوون کە زیاتر لە هەزار خێزانی ئاوارەیان تێدا دەژیا و لەئێستادا چۆڵکراوە.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە ئیدارەی گەرمیان باسلەوەدەکات، “ئەگەر فۆرمی خۆراک بکرێتە بنەما بۆ ژمارەی دانیشتووان لە ئێستادا عەرەبی ئاوارە 10%ی دانیشتووانی گەرمیان پێکدەهێنن”.
لەبارەی ئەو پەنابەرە گەرمیانیانەی کە لەوڵاتانی دنیادا پەنابەرن یا لە ئەوروپا و بەتایبەت ئەڵمانیان و دۆسیەکانیان یەکلایی نەکراوەتەوە و هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوە یا ناردن بۆ وڵاتی سێیەمیان لەسەرە، بێستون ژاڵەیی دەڵێت، “هیچ داتا و ئامارێکی بە ژمارەیان تا ئێستا بەردەست نیە”.