بێ برژاندن بە 11 هەزار دینارە
ماسی چەم و رووبارەکان نرخی حەوزەکانی دانەبەزاند
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
ئەمڕۆ وەرزی راوە ماسی دەستیپێکردەوە، ماسی فرۆشانی گەڕەکی ئازادی لە سلێمانی ماسی دەریاچەی دوکانیان هێناوە و کیلۆی نزیکەی 13 هەزار دینارە.
بە گوێرەی سۆراغەکان، هاتنەوە ناوبازاڕی ماسی چەم و رووبارەکان، نرخی ماسی حەوز دانابەزێنی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20.6.2024، فەرەیدوون تۆفیق ماسی فرۆشی چەم و روبارەکان بە 964 وت، “ئەمڕۆ ماسی دەریاچەی دوکانیان بۆ هاتووە و نرخی ماسی لە دوو هەزار دینارەوە دەست پێدەکات بۆ 13 هەزار دینار، بەپێی جۆر و قەبارەی ماسیەکە نرخەکەی دەگۆڕێت”.
باسی لەوەکرد، “هەریەکە لە (رەقە، سورە، گەرا، مشارە و پانکە) هەیە لە بازاڕدا، بەڵام سورە ماسی خواستێکی زۆری لەسەرە لە لای هاوڵاتیان، کیلۆی لە شەش هەزار دینارەوە دەست پێدەکات بۆ 10 هەزار دینار.
سەردار جەلال، فرۆشیاری ماسی حەوزە بە 964 وت، “کردنەوەی وەرزی راوە ماسی کاریگەری لەسەر دابەزاندنی نرخی ماسی حەوز نابێت لە بازاڕدا، لەبەر ئەوەی ئەو برە ماسیەی لە چەم و روبارەکانەوە دێت پێویستی بازار پڕ ناکاتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێستا کیلۆی ماسی کاربی حەوز بێ برژاندن بە 11 هەزار دینارە و لە ماوەی یەک مانگدا نزیکەی سێ هەزار دینار چووەتەسەر نرخەکەی، بەهۆی کەمی بەرهەمی ماسی لە ناوخۆدا و هاوکات هاوردەکردنی لە خوارووی عێراق”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا