پێنج هەزار باخ لەسنورەکەیاندا هەیە

هەنجیری قەرەناو و ئۆمەرمەندان بۆ ناوچەکانی عێراق دەچێ

964+

ئەحمەد مستەفا

هەنجیری باخەکانی قەرەناو و ئۆمەرمەندان لە ناحیەی شوانی کەرکوک پێگەیشت، “ئەمڕۆ لە عەلوەی شارەکە کیلۆی بە چوار هەزار دینار فرۆشراوە”.

مەزەندە وایە لە زیاتر لە پێنج هەزار باخی رووبەر گەورە و بچوک، هەنجیر بەرهەم هاتبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، سیروان شوان، فرۆشیار لە عەلوەی قەرەناو لە ناحیەی شوان بە 964ی وت، “ئەو هەنجیرەی پێگەیشتووە هەنجیری گێلەیی پێ ئەوترێ، نزیکەی پێنج بۆ 10 هەزار باخ هەیە لە سنوری قەرەناو و ئۆمەرمەندان، وە جوتیاران لە وەرزی زستانەوە خەریکی خزمەت کردنیی باخی هەنجیرن”.

ئەو هەنجیرەی کە لە عەلوەی قەرەناو هەیە رێژەیەکی کەمە بۆیە نرخەکەشی بەرزە، “بەهۆی بەرزبوونەی پلەی گەرما، پێگەشتنی هەنجیر بە نزیکەی 15 بۆ 20 رۆژ پێشکەوتووە”، سیروان شوان وای وت.

بەپێي داتاکانی کشتوکاڵی کەرکوک بێت، ساڵی رابردوو رۆژانە 50 تۆن هەنجیر رووی لە عەلوەی قەرەناو کردووە، “تامی هەنجیرەکە زۆر شیرینە، بەهۆی بە پیتی خاکی تەق تەق و قەرەناو داواکارییەکی زۆری لەسەرە، لەلایەن خەڵکی ناوچە جیاوازەکان بە تایبەت ناوچەکانی خوارووی کەرکوک و شارەکانی عێراق”، سیروان شوان وای وت.

دیمەنی ئەو هەنجیرەی هێنراوەتە بازاڕ بۆ فرۆشتن؛