لابردنی مێز و کورسی سەر شەقامەکان _ وێنە: شارەوانی سلێمانی
"سیمای شار تێکدەدەن"
تیمەکانی جەژن زیادەڕۆییەکانی ناوبازاڕی سلێمانیان لابرد
964+
ئەحمەد مستەفا
شارەوانی سلێمانی دەڵێت، “تیمەکانی سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی لە سێیەم رۆژی جەژن بەردەوامن لەکارکردن و زیادەڕۆییەکانی ناوبازاڕیان لا بردووە”.
بەپێی بەرنامە و پلانی سەرۆکایەتی شارەوانیی بۆ رۆژانی جەژنی قوربان، تیمەکانی بەشی لابردنی سەرپێچی و زیادەڕەوی هۆبەی -ناوبازاڕ لە ئەرک بەردەوامن.
زەردەشت تۆفیق، وتەبێژی سەرۆکایەتی شارەوانی ئەوەی بە 964 وت، “تیمەکان کار لە رێکخستن و پاککردنەوەی شەقامەکان دەکەن، هەم بۆ ئەو کاسبکارانەی لەو رۆژانە لە ئەرکدان و هەم بۆ سیمای شار و دروستنەبوونی لۆد لەسەر شەقامەکان بەهۆی دەستگێڕ و کاسبکارەکانەوە”.
ئەوەشی وت، “لەبەردەوامی کارکردنیان ئەمڕۆ سێشەممە هاوکات کە سێیەم رۆژی جەژنی قوربان بووە، تیمەکانیان بە هاوکاری لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی و پۆلیسی رێکاری هەستاون بە لابردنی زیادەڕەوی سەر شەقامەکان لەلای دادگای کۆن و سەنتەری شار و بەردەم مزگەوتی گەورە”.
“کە هەندێک لە فرۆشیار و دەستگێڕەکان شەقامەکان بەکاردێن، کە هۆکارن بۆ تێکدانی سیمای شارەکەمان، وە ئاستەنگی هاتوچۆیان دروست کردووە” وتبێژی شارەوانی سلێمانی وای وت.
دیمەنی لابردنی زیادەڕۆییەکان؛