سێشەممەی داهاتووش دەوام نییە

هێشتا پشوو تەواو نەبووە هەواڵی پشوویەکی دیکەتان دەدەینێ

964+

ژووری هەواڵ

پشووەکەی جەژنی قوربان درێژترین ماوەی پشووی ئەمساڵە بەسەر یەکەوە، هەتا یەکشەممە بەردەوام دەبێت، بەڵام با ئەو هەواڵەتان بدەینێ کە دیسان سێشەممەی هەفتەی داهاتوو پشووە.

لەبەر ئەوەی یەکەم رۆژی جەژنی قوربان کەوتە یەکشەممەوە، بۆیە ماوەی پشووەکە بەسەر یەکەوە 9 رۆژ بوو، هەینی و شەممە پشووی ئاسایی هەفتە بوو، یەکشەممە هەتا پێنجشەممە بووە پشووی جەژن، دیسان هەینی و شەممە هاتەوە کە پشووی ئاسایی جەژنە.

بەپێی یاسای پشووەکان کە لە پەرلەمانی عێراقەوە دەرچوو، رۆژی سێشەممەی داهاتوو 25.06.2024 لەسەرتاسەی عێراق پشووی فەرمییە بەهۆی جەژنی غەدیرەوە.
ئەو جەژنە لە نێوان شیعە و سوننەکانی عێراق مقۆمقۆی زۆری لەسەرە، چونکە شیعەکان دەڵێن لەو رۆژەدا پێغەمبەری ئیسلام لە شوێنی خۆی عەلی کوڕی ئەبوتاڵیبی داناوە وەک وەلی موسوڵمانان، بەڵام سوننەکان لەگەڵ ئەم گێڕانەوەیە کۆک نین و دەڵێن ئەبوبەکری سدیق یەکەم خەلیفەی موسوڵمانانە و ئەو فەرموودەیەی پشتی پێبەستراوە قسەی لەسەرە.

هەرچەندە سوننەکان زۆر هەوڵیان دا جەژنی غەدیر بە فەرمی نەناسێندرێت، بەڵام شیعە بە زۆرینەی دەنگ لە پەرلەمان تێیان پەڕاند و سەرۆک کۆمار واژۆی کرد و لە وەقائیعی عێراقی بڵاوکرایەوە، بەمەش بووە پشوویەکی فەرمی.

هەرچەند هێشتا لە رۆژژمێری حکومەتی هەرێم نەچەسپێندراوە لەبەر ئەوەی یەکەم ساڵە کار بەم یاسا نوێیە دەکرێت، بەڵام بە ئەگەری بەهێز لای خۆشمان پشوو دەبێت.

لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم یەکلابووەتەوە کە پشووە، تەنانەت وەزارەتی پەروەردەی عێراق گۆڕانکاری لە خشتەی تاقیکردنەوەکانی پۆلی شەشی ئامادەیی کرد و رۆژی سێشەممە هیچ تاقیکردنەوەیەکی دانەنا.

یاسای پشووەکان لە وەقائیعی عێراقی بڵاوبووەوە

یاسای پشووەکان لە وەقائیعی عێراقی بڵاوبووەوە

هێشتا پشوو تەواو نەبووە هەواڵی پشوویەکی دیکەتان دەدەینێ