نۆیان لێ مردوون

بۆچى رێژەى مردن لە نێو ئەو حاجیانەى بە ڤیزاى ساڵى چوون بەرزە؟

964+

وریا فەتاح

تا ئەمڕۆ، 10 حاجى هەرێمى کوردستان لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە، نۆیان لەو حاجیانەن کە بە ڤیزاى ساڵى چوون، سێ حاجیش بێ سۆراغن.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى هەرێم بە 964ـى وت،”نوێترین زانیارییەکان لاى ئەوقاف ئەوەیە کە تائێستا 10 حاجى هەرێمى کوردستان گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیە تەنیا یەک حاجیان لەو کەسانەیە کە لە رێگەى بەڕێوەبەرایەتى حەج و عومرەوە گەشتى سعودیەى کردووە و نۆ حاجییەکەى دیکە بە ڤیزاى ساڵى چوون”.

ئاشکراشى کرد، سێ حاجى بێ سۆراغن و ئەوانیش لەوانەن کە بە ڤیزاى ساڵى چوون.

پرسیارى 964 بۆ وتەبێژى ئەوقاف ئەوە بوو، بۆچى رێژەى مردن لەناو ئەو حاجیانە بەرزە کە بە ڤیزاى ساڵى چوون بۆ سعودیە؟، وەڵامى  نەبەز ئیسماعیل ئەوە بوو کە ژمارەیان زۆرە و بە هەزارانن، وەکخۆى دەڵێت: هەرچەندە ژمارەیەکى دروستیان لا نییە، بەڵام وەک ئەوەى دەبینرێت ژمارەیان لەو حاجیانە زیاترە کە بە فەرمى چوون.

هۆکارێکى دیکەشى بۆ ئەوە گەڕاندەوە، ئەوانەى بە ڤیزاى ساڵى چوون، بێ سەرەوبەرن و سەرپەرشتیاریان نییە.

رونیکردەوە، ئەو حاجیانەى بە فەرمى چوون، بۆ هەر 47 کەسێکیان سەرپەرشتیارێکیان لەگەڵە و رێنوێنیان دەکات و تیمى تەندروستى لەگەڵیان ئامادەیە و کێشەى شوێنى مانەوە و خواردنیان نییە.

هەرچەندە ئەو کەسانەى بە ڤیزاى ساڵى چوون لە دەرەوەى دامەزراوە فەرمییەکانن، بەڵام بە وتەى وتەبێژى ئەوقاف، خۆیان لێ بە خاوەن کردوون و ئامادەن بۆ ئەوەى رێکارەکانى ناشتنى ئەو کەسانەى گیانیان لەدەستداوە ئەنجامى بدەن و هەوڵیش بدەن بۆ دۆزینەوەى ئەو کەسانەى بێ سۆراغن.

 حاجییەکى دیکەى هەرێم گیانى لەدەستدا

 حاجییەکى دیکەى هەرێم گیانى لەدەستدا