خاوەنى مارەکە بۆ 964 قسە دەکات

 لەسەر چارەسەرکردنى مارێک نەخۆشخانەى قەڵادزێ روونکردنەوە دەدات

964+

محەمەد عەلی ــ قەڵادزێ

لەسەر چارەسەرکردنى مارێک لە نەخۆشخانەى فریاکەوتنى قەڵادزێ، روونکردنەوە دەدرێت و بەرپرسى فریاکەوتنى نەخۆشخانەکە دەڵێت، هاوڵاتییەک خۆیى و مارەکەى سەردانى فریاکەوتنى قەڵادزێیان کردووە.

چیرۆکەکە ئەوەیە، هاوڵاتییەک مارێکى هەیە و لە ماڵەوە بەخێوى دەکات، شەوى رابردوو کاتێک هەست دەکات نەخۆشە، دەیبات بۆ نەخۆشخانەى فریاکەوتنى قەڵادزێ، لە نەخۆشخانەکە پێى دەڵێن ئەوە ئیشى ڤێرتەرنەرییە نەک ئێمە.

ئەحمەد حسێن، خاوەن مارەکەیەو  بە 964ـی وت، هەفتەیەک دەبێت رەشمارێکم هەیە، دوای ئەوەی هەستم بەوەکرد جوڵەی نەمابوو بۆ چارەسەر بردم بۆ نەخۆشخانەى قەڵادزێ بۆ ئەوەى تیشکى بکەم چونکە هەستم دەکرد پشتى شکاوە، بەڵام لەوێ پێیان وتم ئەوە ئیشى ڤێرتەرنەرییە.

خاوەنى مارەکە دواتر دەچێتە نۆرینگەیەکى پزیشکى و لەوێ تیشکى بۆ دەکەن و دەرکەوتووە کە بڕبڕەى مارەکە شکاوە، هەر لەوێ دەرمانى پێویستى بۆ وەردەگرێت.

ئەو باسە لە سۆشیاڵ میدیاى سنوورەکە بڵاو دەبێتەوە، وەک ئەوەى لە نەخۆشخانە چارەسەرى بۆ کراوە.

بەڵام حامید محەمەد، ئێشکگرى ئیدارى نەخۆشخانەى قەڵادزێ بە 964ـى وت،”راستە شەوى رابردوو کەسێک هاتبوو کە دەیویست چارەسەرى مارێکى بۆ بکەین، بەڵام پێمان وت ئەوە ئیشى ڤێرتەرنەرییە”.

لەسەر هەمان بابەت،  راستى زودى، بەرپرسی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی فێرکاری شەهیدانی قەڵازێ لە روونکردنەوەیەکدا نوسیویەتى،”راستە ئەم هاوڵاتییە خۆی و مارەکەی سەردانی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی کردووە، بەڵام لە لایەن هیچ پزیشک و کارمەندێک نەبینراوە و هیچ جۆرە چارەسەر و پشکنینێکی وەر نەگرتووە و ئەشیعەکەش هی نەخۆشخانەی فێرکاری شەهیدانی قەڵادزێ نییە”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح