ساغكردنه‌وه‌… عه‌بدوڵڵا مه‌جید: جارێ هیچ له‌ گۆڕێ نییه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

عه‌بدوڵڵا مه‌جید ئاغا سه‌رۆكی پێشووی یانه‌ی هه‌ولێر رایگه‌یاند، هێشتا بابه‌تی وه‌رگرتنی پۆستی بریكاری وه‌زیری وه‌رزش و لاوانی عێراق بۆ ئه‌و یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه‌.

له‌ دوێنێ شه‌وه‌وه‌ له‌ سۆشیال میدیادا هه‌واڵی ئه‌وه‌ بڵاوبووته‌وه‌، عه‌بدوڵڵا مه‌جید ئاغا سه‌رۆكی پێشووی یانه‌ی هه‌ولێر، ده‌بێته‌ بریکاری وه‌زیری وه‌رزش و لاوانی عێراق.

تۆڕی 964 بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌، سۆراغی كرد و په‌یوه‌ندیی به‌ عه‌بدوڵڵا مه‌جیده‌وه‌ كرد، ئه‌ویش وتی “هه‌واڵێكی له‌م شێوه‌یه‌ هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندیم پێوه‌كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خۆم ئاماده‌بكه‌م بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌كه‌، به‌ڵام هێشتا خۆم یه‌كلانه‌كردووه‌ته‌وه‌ و به‌ فه‌رمی هیچ شتێك له‌ ئارادانییه‌”.

وتیشی “نازانم ئه‌و هه‌واڵه‌ چۆن دزه‌ی كردووه‌ته‌ سۆشیال میدیا، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ هێشتا هیچ شتێك یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه‌”.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی 964 پۆستی بریکاری وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە.

عه‌بدوڵڵا مه‌جید ئاغا، بڕوانامه‌ی دكتۆرای له‌ وه‌رزش هه‌یه‌ و مامۆستای كۆلیژی په‌روه‌رده‌ی وه‌رزشییه‌، جگه‌ له‌وه‌ یاریزانی پێشووی تۆپی ده‌ستی یانه‌ی هه‌ولێر بووه‌، هه‌روه‌ها ماوه‌ی 16 ساڵ سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ولێر بوو، كه‌ له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌ودا یانه‌ی هه‌ولێر توانی ئه‌نجامی زۆر گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاستی خوله‌كانی عێراق و ئاسیا به‌ده‌ستبهێنێت و پارساڵ له‌ هه‌ڵبژاردنی یانه‌كه‌ هه‌رچه‌نده‌ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌.