حکومەت: سلێمانی کێشەی بەبازاڕکردنی گەنمی نامێنێ

+964

فەهمی نەبی -هەولێر

حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێ، لەمەودوا جووتیارانی پارێزگای سلێمانی کێشەی بەبازاڕکردنی گەنمەکانیان نامێنێ و بۆ ئەمساڵ 12 سایلۆ گەنمەکانیان لێ وەردەگرێت.

پڕۆژەکەی حکومەتی هەرێم ناوی پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیارانە بۆ هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە 21ـی کانوونی دووەم بڵاویکردووەتەوە، لە کۆی 30 سایلۆ، 12 سایلۆ تەواو کراوە و توانای وەرگرتنی 60 هه‌زار تۆن گەنمی هەیە، بە تەواوکردنی هەر 30 سایلۆکەش توانای وەرگرتنی 150 هەزار تۆن گەنمی ئەو ناوچەیان دەبێت.

پڕۆژەکە لە ساڵی 2021 دەستیپێکردووە و 128 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە، ئێستاش 300 هەلی کاری رەخساندووە، بە تەواوبوونی کۆی پڕۆژەکەش پێنج هەزار هه‌لی کار دەستەبەر دەکات.

لە ساڵانی رابردوودا، جووتیارانی هەرێمی کوردستان گرفتی ساغکردنەوەی گەنمیان هەبوو، لەگەڵیدا گرفتی وەرگرتنی شایستەی داراییان لە حکومەتی عێراق بۆ دروستبوو، تا ئێستاش شایسەی دارایی جووتیاران بۆ ساڵەکانی 2015 و 2016 لای حکومەتی عێراقی ماوە.