مەترسییە بۆسەر رەوشتى مرۆڤ

لە G7 پاپا باسى ژیرى دەستکرد دەکات

964+

وریا فەتاح

سەرکردەکانی حەوت وڵاتى قەبەى جیهان دەبنە میوانى خانمەکەى ئیتاڵیا بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی گروپی حەوت G7، لەوێدا پاپا باسى مەترسییەکانى ژیرى دەستکرد دەکات و ئەردۆغانیش میواندارى دەکرێت و گیرفانەکانى ئۆکرانیاش بە پارە بلۆککراوەکانى رووسیا پڕدەکرێنەوە.

کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ پێنج شەممە 13.6.2024 دەستپێدەکات و تا 15ـى مانگ بەردەوام دەبێت.

نوێنەرانی وڵاتانی کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمریکا تاوتوێی چەند پرسێک دەکەن لەوانە شەڕەکانی ئۆکرانیا و غەززە، بەڵام بۆ یەکەمجار پاراى ڤاتیکان بەشدارى دەکات و باسى ژیرى دەستکرد دەکات.

لە لوتکەی گروپی حەوتیشدا سەرکردەکانی ئەفریقا و ناوچەی هیندستانی زەریای هێمن بەشدار دەبن و هاوکاری ئابووری لەگەڵ وڵاتانی تازەپێگەیشتودا تاوتوێ دەکرێت.

وا بڕیارە لە لوتکەکەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانى تورکیا، میواندارى بکرێت.

ئەو گروپە ناتوانن یاسا دەربکەن، بەڵام هەندێک لە بڕیارەکانی رابردوویان کاریگەری جیهانی هەبووە، بۆیە بڕیارە ئەمساڵ لە لوتکەکەدا رێکبکەون لەسەر پلانێک بۆ بەکارهێنانی سەروەت و سامانی بلۆککراوى رووسیا بۆ کۆکردنەوەی ملیارەها دۆلار بۆ ئۆکرانیا.

لەسەر ئەمە، ڤلادیمێر زێلێنسکى سەرۆکى ئۆکرانیا، تویتێکى کردووە و بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێى دەرەنجامى کۆبوونەوەکە دەکات.

دەشڵێت: بۆ ئێمە پرسە سەرەکییەکان بریتین لە پەرەپێدانی هاوپەیمانی فڕۆکە جەنگییەکان و خێراکردنی مەشقی فڕۆکەوانەکان و خێراکردنی گەیاندنی فڕۆکە و پەرەپێدانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا لەسەر بنەمای بەهێزترین سیستەمی رۆژئاوایی.

ئەمە یەکەم کۆڕبەندی گەورەی نێودەوڵەتییە کە جۆرجیا مێلۆنی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا میوانداری دەکات لە دوای دەستبەکاربوونی لە ساڵی 2022.

پاپا و جى حەوت

هەروەها پاپا فرانسیس بەرەو لوتکەکە دەڕوات کە دەبێتە یەکەم پاپا کە بەشداری لە کۆبوونەوەی G7 بکات.

ئەو پیاوە تەمەن 87 ساڵە پێشتر داوای رێکخستنی جیهانی AIی کردبوو، هۆشداریشی داوە لە مەترسییەکانی بۆ سەر ماف و رەوشتى مرۆڤ.

لوتکەکە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک سەرکردەن لەنێویاندا ریتشی سوناک، ئیمانوێل ماکرۆن و جۆ بایدن. لە ناوخۆدا رووبەڕووی ئاستەنگی هەڵبژاردن دەبنەوە.

ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە راپرسییەکاندا لە بەردەم هەڵبژاردنی گشتی مانگی داهاتوودا دابەزیوە.

لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا پارتی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا رووبەڕووی دەنگدەرانیش دەبێتەوە، دوای ئەوەی دوای دۆڕانێکی زۆر لە هەڵبژاردنەکانی ئەوروپادا بانگەوازی هەڵبژاردنی خێرای پەرلەمانی کرد.

جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بە هەمان شێوە رووبەڕووی شەڕێکی سەخت دەبنەوە کە جارێکی تر دەنگدەران بەرەو سندوقەکانی دەنگدان دەڕۆن.

وڵاتانى ئەندامى گرووپى جى حەوت بریتین لە کەنەدا، ئەمەریکا، بەریتانیا، ئیتالیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ژاپۆن.