دوو دەرمانخانە داخران

دەرمانی قاچاغیان لە سەقفی دەرمانخانەدا شاردبووەوە

964+

زەید کۆچەر-دهۆک

دوو دەرمانخانە لەلایەن لیژنەی بەدواداچوونی دەرمانخانەکان و کۆنترۆڵی جۆری و ئاسایش داخران بەهۆی ئەوەی دەرمانیان لە بنمیچی سەقفی دەرمانخانەدا شاردبووەوە.

دەرمانەکان قاچاغ بوون و ئەو دەرمانخانانە ویستوویانە لەو رێگەیەوە لە لیژنەکان بیشارنەوە.

بەریوبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان و سەندیکای دەرمانسازان بەردەوام لە ناو بازاری دهۆکدا و هەموو دەرمانخانەکان دەگەڕێن و دەست بەسەر دەرمانی قاچاغ دا دەگرن، تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو نزیکەی دوو تۆن دەرمانی قاچاغ لە پارێزگای دهۆک دەستی بەسەردا گیراوە.

سەرچاوەیەک لە لیژنەی بەدواداچوونی دەرمانخانەکانی دهۆک بە 964ـی وت، درەنگانی ئیوارەی دوێنی دووشەممە 10.6.2024 دەستیان بەسەر دوو دەرمانخانەدا گرتووە کەوا دەرمانی قاچاغیان لە سەقفی دەرمانخانەکەدا شاردبووەوە و لە بازاردا ساغیان دەکردەوە، یەکسەر لەلایەن تیمەکانیان و بەڕێوبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆری دەستی بەسەردا گیراوە و دەرمانخانەکان داخراون.

وتیشی، خاوەنی دەرمانخانەکان بە تۆمەتی هێنان و ساغکردنەوەی دەرمانی قاچاغ رەوانەی دادگا کراوەن و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

سێ شوێن لەسەر فرۆشتنی دەرمانی قاچاغ داخران

سێ شوێن لەسەر فرۆشتنی دەرمانی قاچاغ داخران