حاسڵاتی کوردستان و دەوروبەر

کاندیدەکانی سەرۆکی ئێران یەکلابوونەوە و جۆلەمێرگیش خۆی بۆ گردبوونەوە ئامادە دەکات

+964

ژووری هەواڵ

ئەنجومەنی پاراستنی دەستوری ئێران لە کۆی نزیکەی 80 کەس کە ناوی خۆیان تۆمارکردبوو، ناوی شەش کەسی وەک کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار پەسەند کرد، کە ئەوانیش بریتین لە : محەمەدباقر قالیباف، سەعید جەلیلی، عەلیڕەزا زاکانی، مەسعود پزشکییان، مستەفا پوورمحەممەدی و ئەمیرحوسێن.

ئاژانسەکانی نزیک لە پارتی کرێکاران ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردووەتەوە دەڵێن پاشماوەی ئەو درۆنەیە کە رۆژی 6ی ئەم مانگە لەلایەن سیستمی بەرگریی قەندیلەوە لە چیای ئاسۆس خرایە خوارەوە، دەڵێن درۆنەکە لە جۆری ئانکا بووە و هێرشبەر بووە.

لە کۆبانێ منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان کەوتووەتە ناو بەرمیلێک ئاوەوە و گیانی لەدەستداوە، سەرچاوە پزیشکییەکان لە شارەکەوە دەڵێن: بەرمیلە ئاوەکە لەنزیک ماڵەکە بووە و کاثێک منداڵەکە کەوتووەتە ناوی کەس ئاگادار نەبووە، بەو هۆیەوە خنکاوە.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن: دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی، سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەر گەنجێکدا سەپاندووە کە تازە بووەتە کریستیان، تۆمەتەکەش ئەوەیە دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کاری کردووە.

وتەبێژی دەم پارتی رایگەیاند رۆژی 13 حوزەیران لە جۆلەمێرگ گردبوونەوەیەکی گەورە ئەنجام دەدەن دژی دەستگیرکردن و سزادانی سەرۆکی شارەوانی شارەکە، داوای کرد خەڵکی بە گەرم و گوڕی لەگەڵیاندا بەشداریی بکەن، بۆ گێڕانەوەی مافی دەنگدەرانی شارەکە.

بەرپرسێکی فەرمانگەی کشتوکاڵی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، لە حەسەکە دوو کۆگای گەورەیان تەرخانکردووە بۆ وەرگرتنی گەنم و جۆی جوتیاران، بەڵام تائێستا هیچ جوتیارێک بەرهەمەکەی پێ نەگەیاندوون.