تونێلەکەش داخراوە
بەهۆی وەرگەڕانی تانکەرەکەی دەربەندیخان کارەبای قەزاکە بڕاوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
زیانەکانی وەرگەڕان و ئاگرگرتنی تانکەرەکەی بەردەم تونێلی دەربەندیخان تا دێت زیاتر دەبن و دوای داخرانی توونێلی دەربەندیخان کارەبای قەزاکەش بەو هۆیەوە بڕاوە..
نیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەینی 7.6.2024 بەھۆی وەرگەڕان و گڕگرتنی تانکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی لە قەزای دەربەندیخان، زیانی بە چەند ستوونێکی کارەبا گەیاندووە و کارەبای قەزاکە بڕاوە.
باست عەزیز، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای دەربەندیخان بە 964ـی وت، “لە کۆی 20 فیدەری کارەبا، دوو فیدەرمان لە کارکەوتوون، ئەوانیش فیدەری 11 و 22ـی کارەبای ھاوڵاتیان و فیدەری 17ـی بەردەوام، کە کارەبای نەخۆشخانەکان و پڕۆژە ئاوییەکان دابین دەکات، بەھۆی وەرگەڕانی ئەو تانکەرەوە لە کارکەوتوون”.
تیمەکانی چاکسازی کارەبای دەربەندیخان سەرقاڵی چاککردنەوەی ئەو فیدەرانەن و بە وتەی خۆیان ھەوڵی تەواو دەدەن تاوەکو دوو بۆ سێ کاتژمێریتر ئەو فیدەرانە چاک بکرێنەوە.
باست عەزیز ئاماژەی بەوەش کرد، چوار ستوونی کارەبا زیانیان پێگەیشتووە و وایەرەکانی قرتاون، لەگەڵ سووتانی کێبڵی ئەندەر گراوندی کارەبای بەردەوامەکە.
پێداچوونەوي: پێشەوا محەمەد