ئەوقافیش روونکردنەوەی هەیە

دواجار ئاو کرا بەو ئاگرەی تەها قادر نابوویەوە

+964

ئەحمەد شەمزین- هەولێر

ئەوقاف و دەزگا ئەمنییەکانی سۆران لەسەر کلیپەکەی گۆرانیبێژ تەها قادر هاتنە دەنگ و دواجاریش کێشەکەی چارەسەر بوو.

لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا ، ڤیدیۆیەک بڵاوبووەوە وتیان ئەوە کلیپە نوێیەکەی تەها قادرە و لەناو مزگەوتێکدا تۆماری کردووە، خەڵکی ناوچەکە لێی هاتنە دەنگ، لەمبارەیەوە تەها قادر تایبەت بە 964  وتی، “ئەوە کاتی کلیپ نییە و کاتی حەوانەوەیە، من لە بنەماڵەیەکی ئایینیم و مامم دەمکوژێت ئەو کارە بکەم”

پەیامنێری 964 لە سۆران لەگەڵ یەکێک لەو کەسانە قسەی کرد، کە کۆبوونەوەیان لەسەر کلیپەکە کردبوو، ئەویش دەڵێت کلیپەکەمان بینیوە و هیچی مزگەوتی تێدا نییە، بۆیە کێشەمان نییە.

ئەوقافی سۆران روونکردنەوەی هەیە

هەر سەبارەت بەم بابەتە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سۆران روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، کە ئەمە دەقەکەیەتی:

دوای بڵاوبونەوەی هەواڵێک لە سۆشیال میدیا کە گوایە لە گوندی گەرەوانی سنووری قەزای رواندز، تیمێکی هونەری بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کلیپی گۆرانی چوونەتە ئەم شوێنە و مزگەوتی کۆنی ئەم گوندەیان بەکارهێناوە بۆ کاری هونەری، کە لە ئەنجام بووە هۆی ناڕەزایەتی خەڵکی ئەم دەڤەرە.

ئێمەش وەکو ئەرکی خۆمان هەر زوو بەدواداچوونی وردمان کرد بۆ ئەم بابەتە و پەیوەندیمان کرد بە ستافی هونەری داوای روونکرنەوەمان کرد،  بۆمان دەرکەوت کە مزگەوت بەکار نەهاتووە لە کلیپەکە، دانیانناوە بەوەی کە حەڕەمی مزگەوت لای ئەوان پیرۆزە و هێڵی سوورە، تەنیا لە دەرەوەی مزگەوت حەسانەوەیەکی کورتیان کردووە، دیارە کەسێک بە مۆبایل لە دواوە وێنەی گرتوون و بڵاویان کردۆتەوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک مزگەوت بۆ کاری هونەری بەکارنەهاتووە،  بۆ یەک چرکەش لە کلیپەکە دانییە.

بۆ ئەم مەبەستە سەرپەرشتیاری ستافەکە ئەمڕۆ سەردانی بەڕێوبەرایەتیی ئەوقافی سۆرانیان کرد و روونکرنەوەی پێویستیان خستەڕوو، داوای لێبوردنیان کرد لەهەر هەڵە تێگەیشتنێک کە بووبێتە هۆی دڵگرانی موسڵمانان و هاونیشتمانیان، ئەمە بەدەنگیش لای ئێمە تۆمار کراوە.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح

دیسان بەزمە لەسەر تەها قادر

دیسان بەزمە لەسەر تەها قادر