حاسڵاتی رۆژ

ئێران چاودێریی کاندیدەکان دەکات و لە ‌‌عەفرینیش هەزاران دار بڕاونەتەوە

+964

ژووری هەواڵ

ئەو مامۆستا ئاینییەی شاری بۆکان کە پێشتر سزای لەسێدارەدان و 16 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو لەلایەن دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزاکەی پشتڕاستکرایەوە، مامۆستا محەمەد خزرنەژاد یەکێکە لە چالاکوانای بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادی.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە رایگەیاند: لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا بەتەکنیکێکی تایبەت شەش جار هێرشیان کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی سوپای تورکیا لە چیای ئامێدی و چەند تاقینەوەیەکی قورسیان ئەنجامداوە، بەڵام ئاشکرایان نەکردووە جۆری تەکنیکەکە چی بووە.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان بڕیاریدا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شارەوانییەکان دوابخات بۆ مانگی ئابی داهاتوو، دەڵێت لەسەر داوای هێزو کیانە سیاسییەکان ئەم بڕیارەی داوە.

ئیسماعیل خەتیب وەزیری هەواڵگری ئێران رایگەیاند پرۆسەیەکیان دەست پێکردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە هەموو کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران و چاودێری هەڵسوکەوتی لایەنگرەکانیشیان دەکرێت.

دەستەیەکی سەر بە پارتی کرێکاران رایگەیاند: دوێنێ لە دوو ناوچەی باکوری کوردستان دژی پۆلیسی تورکیا چالاکیان ئەنجامداوە، یەکەمیان لە ئاگری ئاگریان بەرداوەتە پێنج ئۆتۆمبێلی پۆلیسی تورکیاو دووەمیشیان لە خۆلەمێرگ بە مۆلۆتۆڤ دژی پۆلیس وەستاونەتەوە.

چەند گرووپێکی چەکداری سەر بە تورکیا لە عەفرین بە هەزاران درەختییان بڕیوەتەوە و دوای ئەوە فرۆشتوویانە بە دارفرۆشانی حەلەب، سەرچاوەکان لە عەفرینەوە دەڵێن بەشێکی زۆری دارستانەکانی ئەو شارە بەتەواوی لەناوبراون.